رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق دەڵێ، لەگەڵ یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) رێککەوتوون بۆ رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت و تێکەڵکردنی چەکدارانی ئەو هێزە لەنێو دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان. سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دۆسیەی ئێزدییش دەڵێت: "لاپەڕەیەکی گرنگمان هەڵدایەوە".
موراد ئیسماعیل، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دۆسیەی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە (12ـی ئەیلوولی 2026) بە رووداوی راگەیاند:"ئەمە رێککەوتنێکی مێژووییە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی بەرخودانی ئێزدی لەنێو هێزە ئەمنییە فەرمییەکان و سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت. بەم هەنگاوە لاپەڕەیەکی گرنگ هەڵدەدرێتەوە کە تێیدا مافەکانی گەلەکەمان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا دەپارێزرێت."
موراد ئیسماعیل سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ تێگەیشتنی لە "تایبەتمەندیی دۆسیەی ئێزدی" و ئەو ستەم و جینۆسایدەی لەلایەن داعشەوە کرا، راشیگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەرفەت دەداتە چەکدارەکان تاوەکو لەگەڵ براکانیان لە هێزە ئەمنییەکان یەکبگرن بۆ پاراستنی هەموو بستێکی خاکی عێراق.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، حکومەتی عێراق مافی کارمەندانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) دەستەبەردەکات و ئەو کەسانەی مەرجە یاساییەکانیان تێدایە، لەنێو دەزگا ئەمنییە فەرمییەکاندا دادەمەزرێندرێن.
رۆژی هەینی (11ـی ئەیلوولی2026)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانیی دۆسیەی ئێزدی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار موراد ئیسماعیل و نوێنەرانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) کرد. لە دیدارەکەدا دۆخی قەزای شنگال، سەقامگیری، ئاوەدانکردنەوە و ئایندەی خەڵکی ناوچەکە تاوتوێ کران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی یەبەشە دەست بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکەن و چیای شنگال بەتەواوی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکان. زەیدی گوتی: "کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خەڵکی قەزاکە و دەستەبەرکردنی سەقامگیرییان."
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دیکەی بۆ خزمەتی شنگال دەرکرد، لەوانە "دابینکردنی پشکی ئێزدییەکان لە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی، پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی خزمەتگوزاری و ئەمنی، و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی تەواوەتیی ئاوارەکان."
یەکینەکانی بەرخودانی شنگال و یەکینەکانی ژنانی شنگال هێزی چەکداریی کوردی ئێزدیین و دوای کۆمەڵکوژیی ساڵی 2014ی داعش لە شنگال، بە پشتیوانی و بیری نزیک لە پەکەکە پێکهێنران.



