رووداو - دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە مارکێت و کافتریایەک لەسەر شەقامی 100 مەتری هەولێر کەوتەوە، تەواوی کەلوپەلی شوێنەکە سووتان و زیانێکی ماڵیی زۆری لێکەوتەوە، خاوەنکارێکیش دەڵێت، "سەلامەتیی کارمەندەکەمان لە هەموو شتێک گرنگترە".
رووداوەکە نیوەڕۆی یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026 روویدا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆرتی کارەبا بووە و
بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکەدا، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە قورس بووە.
محەممەد ئیبراهیم، خاوەنی ئەو کافتریایەی ئاگرەکەی گرتووەتەوە، بە رووداوی گوت: "لە کاتی رووداوەکە لە شوێنەکە نەبووم. ئاگرەکە لە خوارەوە دەستیپێکردووە و تەواوی کافتریاکە سووتاوە،
زیانی ماددیم زیاتر لە 10 دەفتەر (100 هەزار) دۆلارە، بەڵام گرنگ ئەوەیە گیانمان سەلامەت بێت و ئیشەڵڵا خوای گەورە قەرەبووی دەکاتەوە".
سەبارەت بە زیانی مارکێتەکەش، رێبەن عەبدولقادر، خاوەنی مارکێتەکە باسی لەوە کرد کە لە کاتی رووداوەکەدا 5 کارمەند لەسەر کار بوون، گوتیشی: "کاتێک گەڕاینەوە،
ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووبوو. یەکێک لە کارمەندەکانمان بە سەختی برینداربووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە".
رێبەن عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشدا، "کاک خەسرەوی برام کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە پەیوەندی پێوە کردم، پێی گوتم: نینۆکێکی ئەو کارمەندەمان بە ماڵی دنیا نادەم، گرنگ ئەوەیە ئەو سەلامەت بێت".
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "کاتژمێر 3:35 خولەکی دوای نیوەڕۆ ئاگادار کراینەوە کە مارکێتێک لەسەر
شەقامی 100 مەتری ئاگری گرتووە. 9 تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای 45 خولەک لە هەوڵدان، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت".
وتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەشکرد، "لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا باڵەخانەکە مۆڵەتی هەبووە و مەرجەکانی سەلامەتی
تێدا رەچاوکراوە یان نا، هەر کەمتەرخەمی و کارێکی نایاسایی هەبێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنکارەکە دەکرێت".
بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 531 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراون.


