رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر دوو ماڵ لە سنووری شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، ئەشکەنجەی دوو هاونیشتمانییان دا و کەلوپەلی نێو ماڵەکانیان شکاند.
سەرچاوەیەک لە پیرانشار بە رووداوی گوت، رووداوەکە کاژێر 4:30 بۆ 5:00ـی بەیانی لە ناوچەی کۆنەخان و گوندی شیناوێ روویداوە. سەرەتا هێزەکانی سوپا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەمجەد یوسفی لە کۆنەخان، ئەشکەنجەیان داوە و هەربەو هۆیەوە ئەو هاونیشتمانییە بریندارە و لە نەخۆشخانەیە؛ هەروەها کەلوپەلی نێو ماڵەکەی شکێنراوە و سووتێندراوە.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، هاوکات چەکدارانی سەر بە سوپای پاسداران چوونەتە گوندی شیناوێی سەر بە پیرانشار و هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک بە ناوی عوسمان گەردی، ئەشکەنجەیان داوە و ئەویش بە سەختی بریندارە، کەلوپەلی نێو ماڵەکەی شکێنراوە و ماڵەکەی تاڵان کراوە. عوسمان گەردی، هاونیشتمانییەکی نزیک 70 ساڵە.
هەردوو خێزانەکە کەسی نزیکیان لەنێو حیزبەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. سەرچاوەیەکی نزیک لەو خێزانانە بە رووداوی گوت، عوسمان گەردی باوکی پێشمەرگە ئاڵا گەردییە؛ هەروەها ئەمجەد یوسفی برای پێشمەرگە، محەممەد یوسفی، ناسراو بە محەممەد باڵدارە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، محەممەد باڵدار و ئاڵا گەردی هەردووکیان پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانن و ساڵانێکە نەگەڕاونەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
رووداوەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی ئیسلام کاک دەروێشی، خەڵکی کەوپەڕی پیرانشار لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە مرد.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، ئەو هێزەی چووەتە سەر دوو ماڵەکە لە شارۆچکەی مەنگوڕانی پیرانشارەوە چووە.
لایەنە فەرمییە ئەمنی و حکومییەکانی ئێران لەبارەی ئەو رووداوەوە هیچ شتێکیان نەگوتووە و بڵاویان نەکردووەتەوە.


