رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، کێشەکانی نێوان حیزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان پێویستییان بە رێککەوتنێکی ستراتیژیی دوورمەودایە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی، نەک رێککەوتنی کاتی و "بەنجکردن؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت پارتی وەک لایەنی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت "نەرمی بنوێنێت".
کاروان یاروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی بە "گرنگ و لە کاتێکی گونجاودا" ناوبرد، بەڵام هۆشداریی دا لە "پەلەکردن لە کۆبوونەوە بێ زەوینەسازی".
کاروان یاروەیس گوتی: "هەر دەستپێشخەرییەک بێ ئەوەی زەوینەسازی بۆ بکرێ و دڵنیایی هەبێت کە کۆبوونەوەکان ئەنجامیان دەبێت، باشترە پەلەی لێ نەکرێ".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی قووڵبوونەوەی کێشەکان و شکستیهێنانی هەوڵەکانی رابردوو، پێویستە هەردوولا دڵنیا بن لەوەی "کۆبوونەوەکانی داهاتوو لەسەر بنەمایەک بن کە لای هەردوو لا دڵنیایی دروست بکات".
بەرپرسەکەی یەکێتی هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی بۆ "کەڵەکەبوونی کێشەکانی رابردوو، تێبینییەکانی یەکێتی لەسەر شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگی" گەڕاندەوە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتی، داواکردنی پۆست لەلایەن یەکێتییەوە "شەڕی پۆست نییە"، بەڵکو بۆ "گەڕاندنەوەی باڵانسە بۆ حوکمڕانی". کاروان یاروەیس دەپرسێت: "کە پۆستت بە دەستەوە نەبێت، چۆن دەتوانیت هاوسەنگی دروست بکەیت؟"
کاروان یاروەیس داوای رێککەوتنێکی سیاسیی نوێی کرد کە "سەرەتا نەخشەڕێگەی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو دیاری بکات و دواتر پۆستەکان بە شێوەیەک دابەش بکرێن کە هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە".
لەبارەی پەرلەمانی کوردستانیشەوە، یاروەیس جەختی لەسەر پێویستیی کاراکردنەوە و رێزگرتن لە شکۆی پەرلەمان کردەوە و گوتی: "دەبێت پەرلەمان بتوانێت رۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆی ببینێت و وەزیرەکان ئامادەبن بۆ لێپرسینەوە بچنە پەرلەمان".
کاروان یاروەیس هیوای خواست یادی دامەزراندنی یەکێتی و جەژنی قوربان ببنە دەرفەتێک بۆ "خاوکردنەوەی گرژییەکان" و کردنەوەی دەروازەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان و سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی.