رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ورمێ، بە رەزامەندیی بنەماڵەیەک، ئەندامانی جەستەی پیاوێکی تەمەن 51 ساڵانی خەڵکی سایین قەڵا، کە تووشی مردنی مێشک ببوو، بە سێ نەخۆش بەخشرا و ژیانی پێ بەخشینەوە.
عەلی ئەفشانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ورمێ ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، رایگەیاند، ئەندامانی جەستەی (تورەج حەسەنخانی) کە تووشی مردنی مێشک بووبوو، بە رەزامەندیی بنەماڵەکەی بەخشراونەتە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێبووە.
ئەفشانی روونیکردەوە کە هەردوو گورچیلە و جگەری ئەو پیاوە تەمەن 51 ساڵانە رادەستی تیمی بەخشینی ئەندامانی جەستە کراون و بە سێ نەخۆش بەخشراون.
ئەفشانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە 12یەمین حاڵەتی بەخشینی ئەندامانی جەستەیە لەم ساڵدا لە پارێزگاکەدا تۆمار دەکرێت؛ بەوپێیەش لە ماوەی کەمتر لە 160 رۆژی رابردوودا 12 بەخشین هەبووە، کە بە تێکڕا دەکاتە یەک نەشتەرگەریی بەخشین لە کەمتر لە هەر 13 رۆژێکدا.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی بەخشینی ئەندام لە ئێران، ساڵانە نزیکەی 5 هەزار بۆ 8 هەزار مردنی مێشک لە ئێران روودەدات، کە نزیکەی 3 هەزار کەسیان توانای بەخشینی ئەندامیان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا نزیکەی 1000 حاڵەت بە رەزامەندیی خێزانەکانیان دەگاتە قۆناخی بەخشینی ئەندام.
.jpg&w=3840&q=75)


