رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 7ـی ئەم ساڵ دابەش دەکەن.
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئاب، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى حەوت خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و رێکارەکانی دابەشکردنی دەستیپێکردووە".
لەبارەی کاتی دابەشکردنی هاوکارییەکەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکردووە، سبەی دووشەممە 24ی ئاب پارەکە دابەش دەکرێت.
سێشەممەی رابردوو سەرچاوەیەک بە رووداوی گوتبوو، کە ئەم هەفتەیە پارەی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
هاوکارییەکە وەک پشتیوانییەکە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە هاوپەیمانان دابینی دەکەن. ئەگەر پارەکە بگات وەکو هاوکاری مانگی حەوتی هاوپەیمانان دابەش دەکرێت.
مانگی رابردوو 21ـی تەمموز وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 6ی ساڵی 2026 دابەشدەکرێت و رۆژی دواتر دابەش کرا.
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رووداو، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ناردنی هاوکارییەکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی دوایین داتای وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هاوکاریی مانگی 11ی 2025، زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ەوە هاوکاریی هاوپەیمانانیان وەرگرتووە.

_(1).jpg&w=3840&q=75)
