رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و پرسی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، دەروازە نافەرمییەکان و دۆخی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تاوتوێ کرد. عێراقچی رایگەیاند، ئامادەن کۆتایی بە شەڕ بهێنن و تەنگەی هورمز بکەنەوە ئەگەر پێشنیازەکەی تاران پەسند بکرێت.
رۆژی یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، کۆنترۆڵکردنی سنوور و پلانەکانی بڵاوەپێکردنی هێزە عێراقییەکان کە لەلایەن عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ پاراستنی سنوورەکان دانراوە.
هەروەها هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران (حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) لەنێو خاکی عێراق، دۆسیەی دەروازە نافەرمییەکان و ئەو دەروازانە کردووە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا نین.
سەبارەت بە ململانێ و شەڕی ناوچەکە، لایەنی ئێرانی ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بە مەرجێک ئەو پێشنیازە پەسند بکرێت کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خراوەتەڕوو، ئاماژەی بەوەش کردووە لە ئەگەری رەزامەندیدان لەسەر پێشنیازەکە، کۆتایی بە شەڕ دەهێنرێت و تەنگەی هورمز دەکرێتەوە.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل بکات. لایەنی ئێرانیش پشتیوانیی تارانی بۆ ئەو رێکارانە دووپاتکردووەتەوە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری گرتوونیەتەبەر.
قاسم عەبوودی هەڵوێستی "نەگۆڕ و بنەڕەتی"ی حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپاتکردووەتەوە بە رێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاک یان ئاسمانی عێراق وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، ئەوەش لە سۆنگەی پەرۆشیی عێراق بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و دراوسێیەتیی باش.


