رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش، سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر حەوت هاووڵاتیی فەرەنسی و سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر دوو هاووڵاتیی دیکەی هەمان وڵاتدا سەپاند؛ بەمەش کۆی ئەو فەرەنسییانەی لەسەر ئەم دۆسیەیە سزادراون گەیشتە 35 کەس.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: " دادگەی تاوانەکانی کەرخ دوای ئەنجامدانی چەند دانیشتنێک، بڕیاری سزادانی بۆ 9 تۆمەتباری هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسی دەرکردووە بەهۆی تێوەگلان و ئەندامبوونیان لە رێکخراوی داعش".
لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکاندا پارێزەرانی تۆمەتباران و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق ئامادە بوون؛ دادگە بڕیاری زیندانیی هەتاهەتایی بۆ حەوت لە سزادراوان و بڕیاری 15 ساڵ زیندانی بۆ دوو سزادراوەکەی دیکە دەرکردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: "ئەم سزادراوانە لەنێو ئەو دەستگیرکراوانەدا بوون کە دەسەڵاتدارانی عێراق لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە وەریانگرتبوونەوە، بە دەرکردنی ئەم بڕیارانەش، کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانەی لەم دۆسیەیەدا سزادراون گەیشتە 35 کەس."
بە گوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادگەی لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکەدا کردووە، ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتیش رۆڵی هەبووە لە وردبینیکردنی بەڵگە و بەڵگەنامەکان بە پشتبەستن بە بنکەی زانیارییە نیشتمانییەکان پێش رەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگەی تایبەتمەند.
سزاکان بەپێی مادەی چوارەم/ بڕگەی 1، بە بەڵگەهێنانەوە بە مادەی دووەم/ بڕگەکانی 1 و 3 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ـی ساڵی 2005 و بە پشتبەستن بە مادەی 132/ بڕگەی 1 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکراون.
ئەم 9 سزادراوە بەشێکن لە گرووپێکی 47 کەسیی داعش کە هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسین و لە تەممووزی ساڵی 2025 لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق کران.
دوای روخانی رێکخراوی داعش لە سووریا و کۆنترۆڵکردنی دوایین پێگەیان لە باغۆز لە ساڵی 2019، هەزاران چەکداری داعش و ئەندامی خێزانەکانیان کەوتنە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ژمارەیەکی زۆریان هەڵگری وڵاتینامەی ئەورووپی بوون و لەنێویاندا فەرەنسا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی زۆرترین هاووڵاتیی لەنێو ریزەکانی داعشدا هەبوو.
بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا ئامادە نەبوون چەکدارە دەستگیرکراوەکانیان وەربگرنەوە و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگەییان بکەن، حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتن و هەماهەنگییە ئەمنییەکاندا، بەشێک لەو چەکدارە بیانییانەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە وەرگرتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە تاوانەکانی داعش لەنێو خاکی عێراقدا تێوەگلابوون، بۆ ئەوەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراقی دادگەیی بکرێن.



