رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، ئەو سێ ناوچەیەی کە بانگەشەی بوونی قاچاخچێتییان تێدا کراوە، پەیوەندییان بە قاچاخچێتییەوە نییە و بەشێکی رژانی نەوتەکە بەهۆی کۆنی و رزینی بۆرییەکانەوە کە کون بوون و چارەسەر کراون. هاوکات دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بۆ نوێکردنەوەی سیستمی پێوەر و چاودێریکردنی بۆرییە نەوتییەکان راگەیاند.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رژانی نەوت لە کێڵگەی عەجیل، رۆژهەڵاتی بەغدا و حەسوەی بابل، بەقاچاخبردن نییە و ئەو کۆنووسە لێکۆڵینەوانەی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و پێکهاتەکانی وەزارەت واژۆ کراون، ئەو راستییەیان سەلماندووە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "ئەوەی لە نزیک کێڵگەی عەجیل لە تەنیشت زنجیرە چیاکانی حەمرین تۆمار کراوە، دزەکردنی نەوت بووە لە ئەنجامی چاکسازی لە بۆرییەکی کۆن و رزیودا، ئێستا کار بۆ لابردنی پاشماوە کۆبووەکانی دەوروبەری بۆرییەکە دەکرێت. ئەمەش کارێکی چاکسازییە نەک قاچاخچێتی و وەزارەتی بەرگریی عێراقیش لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردووەتەوە."
لەبارەی دوو ناوچەکەی دیکەوە، سەلیم روکابی باسی لەوەش کرد، زێدەڕۆییەکانی سەر بۆریی نەوتی خاوی کێڵگەی رۆژهەڵاتی بەغدا بەرەو کۆمپانیای نەوتی نێوەڕاست و بۆریی بەنزینی ناوچەی حەسوە لە پارێزگای بابل، کۆن بوون و بە ژێر زەویدا راکێشراون.

بە گوتەی سەلیم روکابی، بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان ئاشکرا کراون و دەستبەجێ چارەسەر کراون، هەروەها خاوەن زەوییەکانی دەوروبەریان دەستگیرکراون و ئەو کارمەندە ئەمنییانەش راگیراون کە بەرپرس بوون لە پاراستنی ناوچەکە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت گوتی: "زۆر لەو وێنە و حاڵەتانەی بڵاودەکرێنەوە، پەیوەندییان بە کۆنی و داڕزینی بۆرییەکانەوە هەیە کە گۆمە نەوت دروست دەکەن و دوای خەمڵاندنی بڕی نەوتە دزەکردووەکە، بە رێگای هونەری چارەسەر دەکرێن."

سەلیم روکابی گوتیشی: "وەزارەتی نەوت هەڵمەتێکی بۆ نوێکردنەوەی سەرجەم سیستمەکانی پێوەر و ئامێرەکانی چاودێریکردنی بۆرییە نەوتییەکان دەستپێکردووە، بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە قاچاخچێتی و زێدەڕۆییکردنێک بۆ سەر تۆڕی بۆرییەکان و دزینی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "رەتکردنەوەی قاچاخچێتی لەو سێ ناوچەیە بە مانای نەبوونی زێدەڕۆیی لە رابردوو یان داهاتوودا لە شوێنەکانی دیکە نایەت، بۆیە وەزارەت سەرجەم پێکهاتەکانی خستووەتە ئامادەییەوە و بە پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاکی، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوتی خاو سزای تووندی تێکدەران و کەمتەرخەمان دەدات".



