رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممەدا هەوڵێک هەبووە بۆ لابردنی مادەی 29ـی یاسای کارگێڕیی دارایی کە تایبەتە بە خەرجکردنەوەی نیوەی داهاتی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکەکەیان، بەڵام دوای ناڕەزایەتیی ئەوان بڕیاردرا مادەکە لانەبرێت و تەنیا هەموار بکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی2026، یەکێک لە کارنامەی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە29دا، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019.
رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی و سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە،29ـی تشرینی دووەمی2026، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ مادەی 29ـی یاسای کارگێڕیی دارایی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019 بکات، کە بەهۆیەوە نیوەی داهاتی پارێزگاکان بۆ خەڵکی پارێزگاکان خەرج دەکرێتەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، و لەو هەموارەدا دەیانویست ئەو مادەیە لابدەن."
رێبوار کەریم راشیگەیاند: "وەک ئەندامێکی لیژنەی دارایی، لابردنی ئەو مادەیەم بە هەنگاوێکی خراپ زانیوە چونکە دەبێتە هۆی بێبەشکردنی پارێزگاکان لە بەشێک لە داهاتی خۆیان، بۆیە داوام کرد بڕگەکە هەموار بکرێت نەوەک لاببرێت".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: "خۆشبەختانە بڕیاردرا ئەو بڕگەیە لانەبرێت، بەڵکو بە شێوەیەک هەموار دەکرێتەوە کە زیاتر لە خزمەتی خەڵکدا بێت."
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، جگە لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، چەند بڕگەیەکی دیکەش تاوتوێ دەکرێن کە بریتین لە:
- تاوتوێکردنی تانەکانی پەیوەست بە دروستیی ئەندامێتیی بەشێک لە پەرلەمانتاران.
- سوێندخواردنی دەستووریی بەشێک لە پەرلەمانتارە جێگرەوەکان.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای سەنتەری لێکۆڵینەوە بانکییەکان.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
- خستنەڕووی راپۆرتی لیژنەی لاوەکیی سەر بە لیژنەی دەستپاکی تایبەت بە دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی.
مادەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی چییە؟
یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019 یەکێکە لە یاسا داراییەکانی عێراق کە شێوازی ئامادەکردنی بودجە، خەرجییەکان و دابەشکردنی داهاتەکان رێکدەخات.
بەپێی مادەی 29ـی یاساکە، رێژەی 50%ـی داهاتی بەدەستهاتووی دەروازە سنوورییەکان و فەرمانگە فیدراڵییەکان لە پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان، دەگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی ئەو پارێزگایەی داهاتەکەی تێدا کۆکراوەتەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی پارێزگاکان.



