رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق، وانەی زمانی کوردی لە نزیکەی 45 قوتابخانەی ئامادەییدا دەگوترێتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی پارێزگاکە دەڵێت، سەرجەم ئەو مامۆستایانەی وانەکە دەڵێنەوە خەڵکی پارێزگاکەن و خولی فێربوونیان بینیوە.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عەدای، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی موسەننا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، وانەی زمانی کوردی لە قۆناخی ئامادەیی، بەتایبەتی لە پۆلەکانی چوارەم و پێنجەم، وەک پرۆگرامێکی جێگیر و پەسندکراو لە هەموو پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاست دەخوێندرێت، لە پارێزگای موسەنناش لەنێوان 40 بۆ 45 قوتابخانەدا ئەم وانەیە دەگوترێتەوە."
سەبارەت بەوەی بۆچی وانەکە لە هەموو قوتابخانەکاندا ناخوێندرێت، عەباس عەدای روونیکردەوە: "بەهۆی کەمیی مامۆستای پسپۆڕی زمانی کوردی، نەمانتوانیوە وانەکە لە هەموو قوتابخانەکاندا بەردەستبکەین و تەنیا لە بەشێک لە قوتابخانە دیاریکراوەکاندا دەگوترێتەوە، ئەمەش کێشەی زۆربەی پارێزگاکانی عێراقە نەک تەنیا موسەننا."
لەبارەی ژمارە و پێکهاتەی مامۆستایانی وانەی زمانی کوردی لە پارێزگاکەدا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی موسەننا گوتی: "ژمارەی ئەو مامۆستایانەی وانەی کوردی دەڵێنەوە لەنێوان 45 بۆ 50 مامۆستایە، هەمووشیان خەڵکی سەماوە و دانیشتووی خودی پارێزگاکەن، هیچ مامۆستایەکی کورد یان کەسێکمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی موسەنناوە لەو پسپۆڕییەدا بۆ نەهاتووە."
عەباس عەدای ئاماژەی بە چۆنیەتیی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کرد و گوتی: "بەشێکی کەم لە مامۆستاکان دەرچووی بەشی زمانی کوردین لە کۆلێژەکانی پەروەردە لە زانکۆکانی عێراق و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان لە زمانەکەدا هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی ژمارەیان کەمە، پەروەردە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت پەنای بردووەتە بەر ئەنجامدانی خول لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتدا، بۆ ئەو مامۆستایانەی لە پسپۆڕییەکانی دیکەن، تاوەکو ئامادەبکرێن بۆ گوتنەوەی زمانی کوردی و پڕکردنەوەی کەمیی میلاک."
بەپێی مادەی چوارەمی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە وڵاتدا و دەبێت گرنگی بە فێربوونی هەردوو زمانەکە لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بدرێت.


