رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کۆبووەوە و تاوتوێی پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی نێوخۆی وڵاتیان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دیدارەکە رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەچووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا پێشهاتەکانی دۆخەکە لە بوارە جیاوازەکاندا لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی تاوتوێ کران، هەروەها جەخت لە گرنگیی کارکردن بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی نێوخۆی وڵات کرایەوە لەپێناو سەرخستنی بەرنامەکانی حکومەت لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابووری و وەبەرهێناندا."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە "بەرنامەکانی پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکان بە سەرجەم بەش و پێکهاتەکانییەوە، لەنێویاندا پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە کە "حکومەت لە پلانەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، چەسپاندنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی نیشتمانی لە هەموو شوێنێکی خاکی عێراقدا بەردەوامە."


