رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ناوچەی جروف سەخر، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە دزینی نەوت و دروستکردنی گرژی لەلایەن هێزەکانیانەوە دەکەن و رایگەیاند، حکومەت بە "پێچەوانەکردنەوەی راستییەکان" دەیەوێت فیتنە و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبیدا دروست بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە (17ی تشرینی دووەمی 2026)، ئەبو تاڵب سەعیدی یەکێک لە سەرکردەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کە بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگا راگەیاندنەکانی عێراق رێکخرابوو، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە و هەندێک لایەن دەیانەوێت خوێنی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی بڕژێت.
سەبارەت بە مێژووی ناوچەکە و پەیوەندییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، ئەبو تاڵب سەعیدی گوتی: "ماوەی 12 ساڵە لەدوای فەتواکەی سەماحەتی سەید عەلی سیستانییەوە تاوەکو ئەم ساتە، یەک سەنگەر و خوێنی هاوبەش ئێمە و هێزە ئەمنییەکان کۆدەکاتەوە. لەم شارەدا (جروف نەسر) پێکەوە لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی، دژەتیرۆر و سوپای عێراق ئەم ناوچەیەمان لە دەستی داعش رزگار کرد و خوێنمان تێکەڵ بوو."
سەرکردەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، هێرشی توندی کردە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە "سەرکێشیکردن" تۆمەتباری کرد و گوتی: "بەداخەوە بە بڕیاری سیاسی و سەرکێشیی سەرۆکوەزیرانی ئێستا، دەیانەوێت پێکدادان لەنێوان رۆڵەکانی حەشدی شەعبی و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروست بکەن، بەڵام بە حیکمەتی عاقڵمەندان ئەو خەونەیان نایەتە دی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەڵامی لێدوانەکانی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراقی (سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراقی) دایەوە و رایگەیاند: "ئەوەی باسکراوە لەوەی گوایە ئێمە ئیستیفزازی لیژنەکەمان کردووە، قسەیەکی بێ بنەما و دوورە لە راستییەوە. ئێمە دەرگای جروف سەخرمان بە تەواوی بۆ لیژنەکە کردەوە و تەنانەت ژەمی نیوەڕۆشمان بۆ ئامادەکردبوون، بەڵام نەماندەزانی ئەوان نیازی شێواندنی راستییەکانیان هەیە."
سەبارەت بەو کارگەیەی لە پشتییەوە دەبینرا و تۆمەتبار کرابوون بەوەی بۆ دزینی نەوت لە بۆرییەکان بەکاری دەهێنن، ئەبو تاڵب سەعیدی روونکردنەوەی دا و گوتی: "ئەم کارگە سەرەتاییە نزیکەی 5 کیلۆمەتر لەو سێ بۆرییە نەوتەوە دوورە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کون کرابن. چۆن دەکرێت نەوت لە دووری 5 کیلۆمەترەوە بۆ ئێرە رابکێشرێت؟ ئەم کارگەیە چەندین مانگە چۆڵکراوە و پێشتریش تەنیا لە کاتی قەیرانەکاندا بەکارهێنراوە، کە بە پارەی خۆمان نەوتی رەشمان دەکڕی و دەمانکردە گاز بۆ کارپێکردنی موەلیدە و ئۆتۆمبێلەکانی خۆمان."
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بابەتە تەواو سیاسییە و هیچ رەهەندێکی تەکنیکیی نییە، هەروەها گوتی: "ئەم تۆمەتە سیاسییانەی سەرۆکوەزیران و ئەوانەی لە پشتییەوەن بۆ هەڵگیرساندنی فیتنە، سەرناگرن و بە دەستوەردانی هۆشمەندان و کەسایەتییەکانی وەک حاجی ئەبو حوسێن حەمیداوی (ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عیراق)، ئەم فیتنەیە لەباردەبرێت."
سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026، میدیای فەرمیی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە چوونی ئەو لیژنەیەی بۆ ناحیەی جورف سەخر بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمی، ئەو لیژنە دادوەرییە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت و بە یاوەریی ئەو لیژنەیەی حکومەت چووەتە ناحیەکە کە پێشتر لە 13ی تشرینی دووەم سەردانیان کردبوو.
لیژنە دادوەرییەکە بۆ ئەوە سەردانی جورف سەخری کردووە کە پشکنینی مەیدانی بکەن لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت و وردەکارییەکەی بزانن و ئەو شوێنانە دیاری بکرێن، کە ئەو سەرپێچییەی تێدا کراوە.
حکومەت و پەرلەمانی عێراق بە جیا لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان پێکهێناوە بۆ دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە عێراق، لەدوای ئەوەی راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاشکرای کرد، کە لە جورفولسەخر نەوت بە قاچاخ دەبرێت.
ناحیەی جورف سەخر لە بابل بەدەست گرووپە چەکدارە شیعەکانەوەیە و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا تێیدا باڵادەستە.



