رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی پارێزگاری بابل لەسەر پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر (جورف نەسر) دەستی لەکارکێشایەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای بابل مەهدی عەرداوی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.
درەنگانی شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی پارێزگای بابل کۆبووەوە و دەستلەکارکێشانەوەی عەلی تورکی پەسند کرد، دواتر دەنگی بە مەهدی عەرداوی دا بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری نوێی پارێزگاکە.
حوسێن مەنگووشی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە فراکسیۆنی ئیشراقەی کانوون، ئەمڕۆ چوارشەممە (18ی تشرینی دووەمی 2026) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە و هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ گرت.
بە گوتەی حوسێن مەنگووشی، کاژێر 22:00ی شەوی رابردوو لە رێگەی وەتسئاپەوە لەو کۆبوونەوەیە ئاگادارکراوەتەوە، لە کاتێکدا پێویست بوو لانیکەم 24 کاژێر پێشتر ئاگادار بکرێنەوە و دەرگای خۆبەربژێرکردن بکرێتەوە.
مەهدی عەرداوی سەر بە فراکسیۆنی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی)ە، پارێزگاری پێشووش هەر لە هەمان فراکسیۆن بوو.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (12ی تشرینی دووەمی 2026)، عەلی تورکی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند. ئەم بڕیارە وەک پێشهاتێکی نوێ بوو لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف سەخر (جورف نەسر)، کە تێیدا تۆمەتی کونکردنی بۆرییەکی نەوتی خاو، پڕکردنەوە، گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتەکە ئاراستەی گرووپی "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" دەکرێ کە لەو ناوچەیە باڵا دەستن.
عەلی تورکی لە راگەیێندراوێکدا بەبێ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە "بەهۆی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر" دەستی لەکارکێشاوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر بوونی هەر جۆرە بەقاچاخبردنی نەوتی لەو ناوچەیە رەتکردبووەوە.



