رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی رەتکردەوە کە تێیدا داواکرابوو بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری دابنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ( 18ی تشرینی دووەمی 2026)، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاویکردەوە، دادگەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی سەرجەم دادوەرە ئەندامەکان کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەدا سەیری سکاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ی رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2026ی کردووە، کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستانەوە دژی سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان (سەرۆکی بەتەمەن) تۆمارکرابوو.
سکاڵاکە لەلایەن عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە سکاڵاکەدا داواکرابوو بڕیار بدرێت بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دانانی لێکەوتە یاساییەکانی ئەو بڕیارە بەپێی حوکمەکانی دەستوور و یاسا، بە پشتبەستن بەو هۆکارانەی سکاڵاکار لە داواکەیدا خستبوونیەڕوو.
دادگەی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، تایبەتمەندیی ئەوان لە پیادەکردنی چاودێریی دەستووریدا، تەنیا یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان دەگرێتەوە، ئەویش بەپێی حوکمەکانی مادەی (93/یەکەم)ی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005 و درێژنابێتەوە بۆ چاودێریکردنی رادەی دەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تایبەتمەندیی وەزیفی لە سیستمی گشتییە و دادگە خۆی بڕیاری لەسەر دەدات تەنانەت ئەگەر لایەنەکانیش تانەیان لێنەدابێت، بۆیە دادگەی فیدراڵی بڕیاری دا سکاڵاکە بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندییەوە رەتبکاتەوە و بڕیارەکەش بە کۆی دەنگ دەرچووە، بەپێی مادەی 94ی دەستوور بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرە و بە ئاشکرا خوێندراوەتەوە.



