رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر شەڕی داعش و سەرەڕای بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق، هێشتا هەزاران خێزانی خەڵکی ناحیەی جورف سەخر (جورف نەسر) لە ئاوارەییدا دەژین. بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، قەزای موسەیب کەمترین رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی لە سەرتاسەری عێراق هەیە کە تەنیا 5%ـە و هێزە ئەمنییەکان رێگری لە گەڕانەوەیان دەکەن.
لە سنووری پارێزگای ئەنبار و نزیک پردە سەرئاوکەوتووە ناسراوەکەی (پردی بزێبز) کە رۆژئاوای عێراق بە بەغداوە دەبەستێتەوە، کەمپی بزێبز وەک یەکێک لە کۆنترین کەمپەکانی ئاوارەیی لە عێراقدا ماوەتەوە. کەمپی بزێبز لە سنووری قەزای عامرییەی فەللوجەیە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنبار، نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی عامرییە و 50 کیلۆمەتر لە فەللوجەوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو پارێزگای بەغدا و بابل، بەمەش بووەتە خاڵی بەیەکگەیاندنی سێ پارێزگای عێراق.
زۆرینەی ئاوارەکانی کەمپی بزێبز خەڵکی جورف سەخرن
جورف سەخر لە دەستی داعش دەرهێنرایەوە، دوای ئەوەی لە 24ی ئۆکتۆبەری 2014 بە بەشداری هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گرووپە چەکدارەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا، رێکخراوی بەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق و سەرایا سەلام ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی دەستیپێکرد.
کەمپی بزێبز لە ساڵی 2014 و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی داعش دروستکرا. لە سەرەتادا شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەکانی لەخۆگرت، بەتایبەتی دانیشتووانی ناحیەی جورف سەخر (کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ جورف نەسر) لە باکووری پارێزگای بابل، لەگەڵ خەڵکی ناوچەی عوێسات و چەند ناوچەیەکی دیکەی رۆژئاوای عێراق.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ چوارشەممە ( 18ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی پێنج هەزار ئاوارە لە کەمپی بزێبزدن کە زۆربەیان خەڵکی ناحیەی جورف سەخرن لە پارێزگای بابل. بەشێکی دیکەشیان خەڵکی ناوچەی عوێساتن لە سنووری قەزای فەللوجە کە گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانەدا باڵادەستن."
بە گوتەی سەعد غازی، جگە لە دانیشتووانی نێو کەمپەکە، بەشێکی زۆری ئاوارەکانی جورف سەخر کە زۆربەیان سەر بە هۆزی جەنابین، لە گەڕەکی موختار و چەند شوێنێکی دیکەی قەزای فەللوجە و پارێزگای ئەنبار نیشتەجێن، بەشێکی دیکەشیان لەنێو شاری حللە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای بابل جێگیر بوون.
ئەو بەرپرسەی ئەنبار ئاماژەی بەوەش کرد کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوایین سەردانیدا بۆ پارێزگاکە، بەڵێنی داوە دۆسیەی ئاوارەکان یەکلایی بکاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان لە جورف سەخر.
جیاوازیی ئامارە فەرمییەکان و ناوەندە توێژینەوەکان لەسەر کەمپەکە
رەحیم رەشید، بەڕێوەبەری ناوەندی کارگێڕی لە قەزای عامرییە (کە کەمپی بزێبز دەکەوێتە سنوورەکەیەوە) دەڵێ: "کەمپەکە لە 18 کەرت پێکهاتووە و نزیکەی هەزار و 900 خێزانی تێدایە، زۆربەیان خەڵکی جورف سەخرن، جگە لەوەش 800 خێزانی ناوچەی عوێسات، 45 خێزانی ناحیەی یەسریب و 400 خێزانی شارەکانی دیکەی ئەنبارن کە بەهۆی خاپووربوونی ماڵەکانیان لە ئەنجامی شەڕی داعش ئاوارە بوون."
بەگوێرەی راپۆرتێکی (سەنتەری بەیان بۆ لێکۆڵینەوە و پلاندانان) کە لە 21ـی تەممووزی 2026 لەبارەی کەمپی بزێبز بڵاوکراوەتەوە، رووبەری کەمپەکە 17 بۆ 20 کیلۆمەترە و ئاوارەکان بەسەر 10 کەرتدا دابەشبوون کە ژمارەیان لەنێوان هەزار و 500 بۆ هەزار و 750 خێزاندایە.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەو خێزانانە بەهۆی درێژەکێشانی ئاوارەییان، بە قوڕ، بلۆک، کەرەڤانە و تەختە خانوویان بۆ خۆیان دروستکردووە و زۆربەیان داهاتێکی زۆر سنوورداریان هەیە.
بەرپرسانی بابل: ئاستەنگی ئەمنی و پاشماوەی تەقەمەنی رێگرن لە گەڕانەوە
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی پارێزگای بابل ئاماژە بە بوونی ئاستەنگی ئەمنی و خزمەتگوزاری لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکاندا دەکەن.
حوسێن مەنگووشی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، ئەمڕۆ چوارشەممە ( 18ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای بابل هیچ کەمپێکی ئاوارەکان نییە. هەندێک لەو کەسانەی ئاوارە بوون لە رووی ئەمنییەوە داواکراون و دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ بووە، بەشێکی دیکەشیان لەم دۆخەدا نایانەوێ بگەڕێنەوە."
مەنگووشی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو ناوچانەی جورف سەخر کە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان تێدا نەبووە، خەڵکەکەیان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام ئەو بەشانەی شەڕ و ئۆپەراسیۆنیان تێدا بووە، وێران بوون و پڕن لە پاشماوەی تەقەمەنی، بۆیە "باشترین چارەسەر ئەوەیە حکومەت بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکات بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی و ئاوەدانکردنەوەی، تاوەکو ئەو خێزانانەی هیچ کێشەیەکی ئەمنییان نییە بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
"موسەیب کەمترین گەڕانەوەی هەیە"
هەرچەندە پارێزگای بابل دوور بووە لە ناوچە سەرەکییەکانی شەڕی داعش، قەزای موسەیب لە باکووری پارێزگاکە و بەتایبەتی ناحیەی جورف سەخر لە سنووری ئەو قەزایە، بەدەست قەیرانێکی درێژخایەنی ئاوارەبوونەوە دەناڵێنێت.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، هێشتا 42 هەزار و 562 کەسی سنووری قەزاکە ئاوارەن.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە موسەیب کەمترین رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی لە سەرتاسەری عێراقدا تۆمار کردووە، کە تەنیا 5%ـە، واتە تەنیا دوو هەزار و 160 کەس گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی وەک شنگال و بەعاج رێژەی گەڕانەوە نزیکەی 50%ـە.
رێکخراوەکە پارێزگای بابلی وەک یەکێک لەو پارێزگا سەرەکییانە دەستنیشان کردووە کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان رێگری لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکەن، ئەمەش وایکردووە ئاوارەبوونەکە بەردەوام بێت و بە شێوەیەکی کردەیی چارەسەر نەبێت.
سەرژمێریی 2024: زیاتر لە 100 هەزار خەڵکی بابل لە دەرەوەی پارێزگاکە دەژین
هاوکات لەسەر بنەمای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی عێراق بۆ ساڵی 2024، کۆی گشتی 100 هەزار و 874 کەس کە پێشتر شوێنی نیشتەجێبوونی ئاساییان پارێزگای بابل بووە، ئێستا لە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان دەژین. زۆرینەی رەهای ئەو هاووڵاتییانە روویان لە پارێزگا هاوسنوورەکان و بەغدای پایتەخت کردووە، هاوکات حەوت هەزار و 466 کەسیشیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
دابەشبوونی دانیشتووانی بابل بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
زۆرترین خەڵکی بابل لە پارێزگای کەربەلا نیشتەجێن کە ژمارەیان 29 هەزار و 146 کەسە و دەکاتە رێژەی 28.89%ـی کۆی گشتی خەڵکی ئەو پارێزگایە کە لە دەرەوەی پارێزگاکە دەژین.
بەغدا لە پلەی دووەم دێت بە لەخۆگرتنی 24 هەزار و 787 کەس، کە دەکاتە رێژەی 24.57%ی خەڵکی بابل کە لە دەرەوەی پارێزگاکە دەژین.
نەجەف لە پلەی سێیەم دێت و 11 هەزار و 942 کەسی دانیشتووی بابل لەو پارێزگایە دەژین و ئەوەش رێژەی 11.84%ی خەڵکی پارێزگاکە لە دەرەوە پێکدەهێنن.
نۆ هەزار و 532 کەسی خەڵکی بابل لە ئەنبار دەژین
پێنج هەزار و 248 کەس لە سلێمانی دەژین.
پێنج هەزار و 47 کەسی دانیشتووی بابل لە نەینەوان
سێ هەزار و 810 کەسی خەڵکی بابل لە دیوانییەن
سێ هەزار و 384 کەسی بابل لە واست دەژین
دوو هەزار و 35 کەسی دانیشتووی بابل لە هەولێرن.
183 کەسی بابلی لە دهۆک نیشتەجێن.
179 کەسی خەڵکی بابل لە مەیسان دەژین



