رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ لە قۆناخی کۆتاییدایە و رێژەی جێبەجێکردنی 98٪ی تێپەڕاندووە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ: "سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی زوو بۆ کارپێکردنی فڕۆکەخانەکە دەستنیشان بکرێ".
عەلی خالیدی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "تەواوی باڵەخانە و پێداویستییەکانی فڕۆکەخانەکە لە هەردوو کۆمپانیای (77 ) و (تاڤ)ی تورکیا وەرگیراونەتەوە و کاری ئەوان تەواوبووە."
بە گوتەی عەلی خالیدی، فڕۆکەخانەی مووسڵ بە جۆرێک دیزاین کراوە کە ساڵانە توانای پێشوازیکردن لە 500 هەزار سەرنشین و زیاتر لە 25 هەزار تۆن باری دەبێ.
رێڕۆی فڕۆکەخانەکەش 350 مەتری بۆ زیادکراوە و ئێستا درێژییەکەی گەیشتووەتە 3 هەزار مەتر.
بە گوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، پڕۆژەکە لە چوارچێوەی پارە سڕکراوەکانی پارێزگای نەینەوا جێبەجێ کراوە، بەپێی گرێبەستێک کە پارێزگا لەگەڵ دوو کۆمپانیای تورکیا واژۆی کردووە، بە بوونی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ وەک لایەنی سوودمەند.
عەلی خالیدی رایگەیاند : "فڕۆکەخانەکە نوێترین سیستمی رادار و ئامێری دیاریکردنی رێڕۆ و ئاڕاستە، رووناکی پێشکەوتوو (CAT II)ی بۆ دابینکراوە؛ هەروەها ئۆتۆمبێل و کەرەستەی تایبەت بۆ بەشی ئاگرکوژێنەوەی تەرخان کراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "یەکەیەکی وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسیارێتیی پاراستنی فڕۆکەخانەکەی لە ئەستۆیە، هەروەها فەرمانگەکانی وەک تەندرووستی، ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری، پاسپۆرت، گومرگ و نووسینگەی ڤیزەی ئەلیکترۆنی لە نێو فڕۆکەخانەکەدا جێگیر کراون".
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتیشی: "دوای سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فڕۆکەخانەکە لە 12-10-2026، بڕیاردرا لە 60 رۆژدا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی پسپۆڕ واژۆ بکرێ بۆ کارپێکردنی فڕۆکەخانەکە. ئێستا کارەکان بۆ ئەم مەبەستە تەواو بوون و پێشنیازەکە رەوانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کراوە تاوەکو رەزامەندیی کۆتاییان لەسەر بدرێ."
عەلی خالیدی باسی لەوەشکرد: "فڕۆکەخانەکە لە هەموو بوارە تەکنیکی و فڕۆکەوانییەکانیەوە ئامادەیە و ئێستا نەخشە ئاسمانییەکان لەلایەن کۆمپانیای ریسکەوە ئامادە کراون و چاوەڕوانی پەسەندکردنیان دەکرێ."
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لە ساڵی 1920 لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکرا و ساڵی 1922 کرایە مەدەنی. لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە وێرانکرا.

