رومادی؛ گرژی و چاوەڕوانی بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەحمەد عەلوانی رووداو دیجیتاڵ سێ رۆژە لە رومادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبار، پرسە بۆ ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق و کەسایەتیی دیاری سوننەکان دانراوە، بەڵام هێشتا تەرمەکەی لە لوبنانەوە نەگەڕێندراوەتەوە و کەسوکارەکەی گومانیان هەیە "دەستێک لەپشت دواکەوتنی هێنانەوەی تەرمەکەیەوە بێت." بڕیاربوو ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی رێکارە پزیشکییەکان لە لوبنان، تەرمی ئەحمەد عەلوانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێندرێتەوە عێراق، بەڵام دواکەوتنی گەڕانەوەی، گومان و نیگەرانیی لای کەسوکار و لایەنگرانی دروستکردووە کە سێ رۆژە چاوەڕێی مەراسیمی بەخاکسپاردنین. محەمەد فەیسەڵ عەلوانی، ئامۆزای ئەحمەد عەلوانی، بە رووداوی راگەیاند: "خەڵکی عەشیرەتی ئەلبو عەلوان و هەموو عەشیرەتەکانی دیکە چاوەڕوانی گەیشتنەوەی تەرمەکەن تاوەکو لە مەراسیمێکی شایستەدا بەخاکی بسپێردرێت. دواکەوتنەکەش بەپێی ئەوەی پێمان گەیشتووە، پەیوەستە بە رێکارەکانی حکومەتی لوبنانەوە." گەنجان و ریشسپییانی عەشیرەتی ئەلبو عەلوان و خەڵکی ئەنبار لە گۆڕەپانی پرسەکە کۆبوونەتەوە و دەڵێن، دواخستنی گەڕاندنەوەی تەرمەکە بۆ "کپکردنەوەی تووڕەیی خەڵکە." وەعد ئیبراهیم فەراجی، یەکێک لە دانیشتووانی روومادی دەڵێت: "ئەم گردبوونەوە فراوانە بۆ رێزگرتنە لە شێخ ئەحمەد عەلوان، چونکە ئەو یەکێک بوو لە سیمبولەکانی ئەنبار." دوای کوشتنی ئەحمەد عەلوانی لە لوبنان، بکوژەکان جامانەیەکی سووریان لەسەر تەرمەکەی لەنێو دەستشۆرێکدا دانابوو، ئەمەش کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و کەسوکارەکەی بە "سووکایەتی" بە پێکهاتەکەیانی دەزانن. لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە ئامادەبووانی پرسەکە وەک پەرچەکردارێک جامانەی سووریان پۆشیوە. ئەنوەر عەلوانی، ئامۆزایەکی دیکەی ئەحمەد عەلوانییە و دەڵێت: "چەند لایەنێکی دیاریکراو ویستیان پەیامێک بگەیێنن کە سووکایەتی بە پێکهاتەی سوننە و تەواوی عەرەب بکەن. دانانی جامانەی سوور لەسەر تەرمەکەی و فڕێدانی بۆ نێو دەستشۆرێک، خۆی لە خۆیدا سووکایەتییە." ئەحمەد عەلوانی، جگە لەوەی پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق بوو، هاوکات کەسایەتییەکی دیاری عەشایەریی سوننەکان بوو. بە گوتەی کەسوکارەکەی، پێش کوژرانی سەرقاڵی پرۆژەیەکی سیاسی بووە بۆ دامەزراندنی حیزبێکی جەماوەریی فراوان لە ساڵی داهاتوودا.