رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی باڵای ئەمنی کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە پێکهێنراوە، گەیشتە ناوچەی جورف نەسر بۆ لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی تایبەت بە قاچاخچێتیی نەوت.
رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی باڵا بە ئاژانسی عێراقی راگەیاند: "ئەو لیژنە باڵایەی لەلایەن فەرماندەی گشتییەوە پێکهێنراوە، چووەتە جەرف نەسر بۆ لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی تایبەت بە بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان."
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، عەلی فالح زەیدی فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی مەیدانی.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی و ئەندامییەتی چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و کارگێڕییە.
لیژنەکە پێکهاتووە لە :
- موئەیەد ساعدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران
- بەرپرسی کاروباری هەواڵگری و ئاسایش لە نووسینگەی فەرماندەی گشتی
- بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی
- بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوت.
- جێگرانی فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای دژە تیرۆر.
- بەڕێوەبەری پۆلیسی وزە و بەڵگەی تاوان.

ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە گەیشتنە بە راستییەکان سەبارەت بەو تۆڕانەی کە تۆمەتبارن بە قاچاخبردنی سووتەمەنی لە نێو ناوچەی جورف نەسر، و بڕیاردراوە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە خێرایی بۆ سەرۆکوەزیران رەوانە بکرێن تاوەکو رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتە بەر.
بەگوێرەی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی "زۆر نهێنی"ـی عێراقی کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و بەدواداچوونی مەیدانی بەستووە، تۆڕێکی رێکخراو و بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناحیەکە کە سەر بە قەزای موسەییەبە لە پارێزگای بابل ئاشکرا بووە.
راپۆرتەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە و لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە، دەریدەخات ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەبێ پچڕان لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکاندا بەڕێوەچووە و زیانێکی دارایی و ئابووریی گەورەی بە سامانی گشتیی عێراق گەیاندووە.
جورف نەسر، ساڵانێکی زۆرە لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی گرووپە چەکدارەکاندایە و هێزە ئەمنییەکان بە کەمی دەتوانن بچنە نێو قووڵایی ئەو ناوچەیە بۆ پشکنین.
دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن داعشەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014، لە مانگی ئۆکتۆبەر لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا بە ناوی (عاشورا)، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی جورف سەخریان کۆنترۆڵکردەوە و دواتر ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بڕیاری دا ناوی ناوچەکە لە (جرف سەخر) واتە (کەناری بەردین) بگۆڕێ بۆ (جرف نەسر) واتە (کەناری سەرکەوتن).



