رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای بەسرە، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی بەسرە بۆ رووداو، کاژێر 02:30ی ئەمڕۆ، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێکی سێ تایە لە رێگەی شەلامچە لە بەسرە، شەش کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری پیکاب بووە و هۆکاری رووداوەکەش شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بووە کە پێچەوانەی سایدی خۆی ماتۆڕسکیلەکەی لێخوڕیوە.
سەرجەم ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە سەرنشین و شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بوون و ئەندامی یەک خێزانن. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بەسەختی بریندارە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە تەمەنی 12 ساڵ بووە و سەرنشینەکانی دیکە سەرجەمیان ژن بوون.

