رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی قاچاخی نەوت لە جورف نەسر لە پارێزگای بابل، بزووتنەوەی نوجەبا، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەربڕی، هەموو جۆرە هەوڵێکی بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان گرووپە چەکدارەکان رەت کردەوە.
بزووتنەوەی نوجەبا، درەنگی شەوی پێنجشەممە (12ی تشرینی دووەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن لەم بارودۆخە هەستیارەدا ئاژاوە لە نێوان براکاندا دروست بکەن، کە ئەمەش تەنیا خزمەت بە (زایۆنی و ئەمریکای دووژمن) دەکات".
نوجەبا وەسفی ئەبو حوسێن حەمیداوی بە "تێکۆشەر" کرد و رایگەیاند: "هێرشکردنە سەری بەم شێوازە، کارێکی نارەوا و قبووڵنەکراوە".
نوجەبا دەڵێت: موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەرامبەر بە ستەم و دەستوەردانە سیاسییە دەوەستنەوە و لە ئامانج و بەهاکانیان پاشەکشە ناکەن، "هەڵوێستیشمان بەرامبەر بە دۆخی فەڵەستین، یەمەن و ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە".
ئەم پەیامەی بزووتنەوەی نوجەبا لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی جورف نەسر (جورف سەخر) بڵاوبوونەوە، بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە چەند شوێنێکی گوماناوی کە بۆ قاچاخچێتیی نەوت بەکار دەهێنرێن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی "زۆر نهێنی"ـی عێراقی کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و بەدواداچوونی مەیدانی بەستووە، تۆڕێکی رێکخراو و بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناحیەکە کە سەر بە قەزای موسەییەبە لە پارێزگای بابل ئاشکرا بووە.
راپۆرتەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە و لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە، دەریدەخات ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەبێ پچڕان لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکاندا بەڕێوەچووە و زیانێکی دارایی و ئابووریی گەورەی بە سامانی گشتیی عێراق گەیاندووە.
جورف نەسر، ساڵانێکی زۆرە لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی گرووپە چەکدارەکاندایە و هێزە ئەمنییەکان بە کەمی دەتوانن بچنە نێو قووڵایی ئەو ناوچەیە بۆ پشکنین.
دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن داعشەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014، لە مانگی ئۆکتۆبەر لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا بە ناوی (عاشورا)، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی جورف سەخریان کۆنترۆڵکردەوە و دواتر ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بڕیاری دا ناوی ناوچەکە لە (جرف سەخر) واتە (کەناری بەردین) بگۆڕێ بۆ (جرف نەسر) واتە (کەناری سەرکەوتن).


