رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق خەرجکردنی زیاتر لە 700 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2026 و 200 ملیار دیناری دیکەی بۆ پاڵپشتیی گەنمی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر راگەیاند، کە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر راسپاردەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی بڕیاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2026.
بەپێی راگەیێندراوەکە، جیا لە شایستەی جووتیاران، بڕی 200 ملیار دیناری دیکەش بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو گەنمە تەرخانکراوە کە بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بەکاردەهێندرێت، بڕیارەکەش لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق باس لەوە دەکات، ئەم هەنگاوەی حکوومەت لە چوارچێوەی "پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی نیشتمانی و بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ رەنج و ماندووبوونی جووتیارانی عێراق."
حکومەتی عێراق پار 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت کە نرخی تۆنێکی بە 800 هەزار دینار هەژمارکرا، بەوەش کۆی گشتیی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشتە نزیکەی 320 ملیار دینار.


