رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لە وێستگەی کارەبای حەدیسە تەنیا بۆ دروستکردنی پەرژینێکی ئەمنی، پێنج ملیار دینار خەرج کراوە لە کاتێکدا وێستگەکە پێویستی پێی نەبووە.
زەهرا لوقمان ساعدی، ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی هەینی (13ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی لە کۆمپانیای گشتیی بەرهەمهێنانی وزەی ناوچەی نێوەڕاستمان ئاشکرا کردووە، کە تێیدا ژێرخانی وڵات بە ئەنقەست تێکدراوە."
زەهرا ساعدی گوتی: "کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ئەم وێستگە دراوەتە کۆمپانیایەکی بیناسازی کە هیچ ئەزموونێکی لە بواری وزەدا نییە". گوتیشی: "بۆریی گاز تەنیا 5 کیلۆمەتر لە وێستگەکەوە دوورە، بەڵام بڕیاردراوە وێستگەکە بە دیزڵی گرانبەها کار بکات، کە ئەمەش تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر دەوڵەت."
لەبارەی تەرخانکردنی پێنج ملیار دینار بۆ دروستکردنی پەرژینێکی ئەمنی، پەرلەمانتارەکە گوتی: "وێستگەکە لە ساڵی 2012وە پەرژینێکی باشی هەیە و پێویستی بە گۆڕین نەبووە، بەڵام ئەم بڕە پارە زۆرەی بۆ خەرج کراوە." ساعدی دەڵێ: "ئەو ئامێرانەی لە وێستگەکە کڕدراون لەگەڵ سووتەمەنی و زەیتی نێوخۆیی ناگونجێن، کە ئەمەش تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر دەوڵەت"
بە گوتەی زەهرا ساعدی، دۆسیەی "فەرمانبەری وەهمی" و دزینی مووچەی ئەو کەسانە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت لە هەمان وێستگە دۆزراوەتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی کارەبای پەرلەمانی عێراق، بە نووسراوێک داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەستەی دەستپاکی کرد کە بە پەلە ئەم هەنگاوانە بنێن:
- دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نێوەڕاست و بەرپرسی وێستگەکانی دیزڵ.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو گرێبەستەکان.
- راگرتنی خەرجکردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیا تێوەگلاوەکان.
کۆمپانیای گشتیی بەرهەمهێنانی وزەی ناوچەی نێوەڕاست، سەرپەرشتیی وێستگەکانی بەرهەمهێنان لە پارێزگاکانی (بەغدا، ئەنبار، دیالە و واست) دەکات؛ وزەی بەرهەمهاتووی ئەم وێستگانەش دەخرێتە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو عێراق.



