رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق روونکردنەوە لەبارەی لێدوانەکانی سەرۆکی دەزگاکەیان دەدات و رایدەگەیێنێت، باسی سەرۆکی دەزگاکە لەبارەی ئەگەری دەستتێوەردانی "لایەنێکی کوردی" یان لایەنی دەرەکی لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، تەنیا وەک هێنانەوەی نموونەی گریمانەیی بووە نەک تۆمەتبارکردن.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی فەرمیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: قسەکانی باسم بەدری، سەرۆکی دەزگاکە لەبارەی ئەگەری تێوەگلانی لایەنێکی کوردی یان لایەنێکی دەرەکی لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە چوارچێوەی هێنانەوەی چەند نموونەیەکی گریمانەییدا بووە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا.
گوتەبێژەکەی ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەست لە هێنانەوەی ئەو نموونەیە ئەوە بووە کە: "جەخت لەسەر پێویستیی دڵنیابوونەوە لە دروستیی گێڕانەوە میدیاییەکان بکرێتەوە و نەکرێنە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی هێرشەکە"، باسی لەوەش کرد: "لێدوانەکە بە هیچ شێوەیەک تۆمەتبارکردنی هیچ لایەنێکی تێدا نەبووە."
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پانێڵێکدا کە لە پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەچوو، بۆردومانکردنی ئەم دواییەی کێڵگەی کۆرمۆری بە "بابەتێکی تەواو جیاواز" ناوبرد و رەتیکردەوە بۆ ناسینەوەی ئەنجامدەران پشت بە راپۆرتە میدیاییە نادروستەکان ببەسترێت.
بەدری گوتی: "ئێمە رووبەڕووی هەڕەشەی ئاڵۆز دەبینەوە، عێراق ئەزموونێکی بەرفراوان و شارەزاییەکی بەرچاوی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەیە و لە جیهانیشدا رووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بە روونی دیارە، بەڵام ئێستا ئاستی هەڕەشەکان گۆڕاوە؛ هەڕەشەکان ئاڵۆز بوون و خۆیان لە هێرشی درۆن، مووشەکی دوورمەودا و هێرشی سنووربەزێن دەبیننەوە. لەم نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە لێکەوتەکانی جەنگی ناوچەکە و بەرژەوەندییە لێکئاڵاوەکان."
لەبارەی دیاریکردنی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکانیش، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند: "ناکرێت لەسەر بنەمای زانیاریی میدیاکان بڕیار بدرێت، پێویستە بەر لە هەر لێدوانێک پشت بە بەڵگەی باوەڕپێکراوی ئەمنی و هەواڵگری ببەسترێت، چونکە من زۆر بە سادەیی دەتوانم بڵێم رەنگە لایەنێکی کوردی ئەم هێرشانەی بەکارهێنابێت، یاخود گرووپە چەکدارەکان یان لایەنێکی دیکە ئەنجامیان دابێت، یان لەوانەیە لەلایەن لایەنێکی دەرەکییەوە بووبێت، هەربۆیە پێویستە لەوپەڕی وردبینیدا بین."
باسم بەدری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەزگا فەرمییەکانی عێراق زانیاریی وردیان لەبارەی هێرشەکەوە لەبەردەستدایە و روونیکردەوە: "حکومەت چەندین ئاماژە و بەڵگەی روونی لەبەردەستدایە، بە تایبەت لەبارەی ئەم هێرشەی دواییەوە. من خۆم زانیاریم لەسەر سروشت، جۆری بەئامانجگرتنەکە و رێڕەوەکەی هەیە، بەڵام پێویستە لەبەر بارودۆخەکە ئاشکرایان نەکەین و بابەتەکە بۆ لیژنە لێکۆڵەرە تایبەتمەندەکان بەجێبهێڵین."


