رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی عێراق، لە ناوچەی رەسافەی بەغدا دەستیان بەسەر کارگەیەکی نایاسایی دەرمان و مادەی جوانکاریدا گرتووە کە لە نێو ماڵێکدا دروستکرابوو؛ تێیدا بڕێکی زۆر دەرمان و ڤیتامینی بێ مۆڵەت و نادیار دروست دەکران.
دەزگای هەواڵگریی عێراق، رۆژی پێنجشەممە(12ـی تشرینی دووەمی2026) رایگەیاند: " تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان، دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە، چەندین جۆر دەرمان، ڤیتامین و مادەی جوانکاری بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ چاودێریی وەزارەتی تەندروستی دروست دەکران."
بە گوێرەی هەواڵگریی عێراق، زیاتر لە 250 هەزار کەپسولی بەتاڵ و پڕکراو بە مادەی نادیار، مادەی قەڵەوکردن و ڤیتامینەکان، بڕێکی زۆر زەیتی نادیار بۆ پڕکردنەوەی کەپسولەکان بەکاردەهێنرا و هەروەها چەندین لۆگۆ و ناوی بازرگانیی ساختە کە بە فەرمی تۆمار نەکراون لە ماڵەکەدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەواڵگریی عێڕاق دەڵێت: "بەرپرسی کارگەکە و هەموو کرێکارەکان دەستگیرکراون و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە بەبێ مۆڵەت ئەو کارانەیان کردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان دروست دەکات".
ئێستا کارگەکە داخراوە و تۆمەتبارەکان رەوانەی دادگە کراون تاوەکو بەپێی یاسا سزا بدرێن.

