رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، بەردەوامن لە دابینکردنی دراوی بیانی بۆ بازرگانان تاوەکو کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە نرخی فەرمی هاوردە بکەن؛ داواش لەو کەسانە دەکات کە حەواڵەکانیان دواکەوتووە، سکاڵا تۆمار بکەن.
بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی پێنچشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پڕۆسەی دابینکردنی دۆلار بۆ هاوردەکاران بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و هەموو ئەو داواکارییانەی بەپێی رێکارە فەرمییەکانن، جێبەجێ دەکرێن".
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: "ئەو حەواڵانەی کە پێش رێککەوتی 7ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەنجامدراون و هەموو مەرجەکانیان تێدایە، پارەی پێویستیان بۆ دابینکراوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین تاوەکو دەگاتە دەستی لایەنی سوودمەند."
بانکی ناوەندیی عێراق، داوا لە بازرگان و کۆمپانیاکان دەکات، ئەگەر هەر جۆرە دواکەوتنێک لە گەیشتنی حەواڵەکانیاندا هەبوو، سەرەتا سەردانی بانکەکانیان بکەن.
هەروەها دەتوانن لەرێگەی پلاتفۆرمی سکاڵاکانی بانکی ناوەندی بەم لینکە (www.complaint.app.cbi.iq) سکاڵا تۆمار بکەن تاوەکو بە پەلە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
لە 6ـی تشرینی یەکەمەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە 100 دۆلار لە 130 هەزار دینارەوە بکرێتە 150 هەزار دینار.
ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای بازرگانان، بەتایبەت ئەو کەسانەی پێش گرانبوونی نرخەکە پارەیان بۆ حەواڵەکردن داوەتە بانکەکان.

