رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سنووردارکردنی چەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا لە عێراق "نەک تەنیا پرسێکی ناوخۆیی، بەڵکو بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتیش."
رۆژی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، زێباری لە کۆنفرانسی دەستپێشخەریی عێراق لە دامەزراوەی چاتام هاوس لە لەندەن گوتی: "هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر بەشێکی دیکەی ناوچەکە زیانی بەرکەوتووە کاتێک دێتە سەر هێرشی میلیشیاکان،" و ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لە دیدگای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات "بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانە."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە و بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی.
حکومەتی عێراق لەژێر گوشاری کۆشکی سپیدا هەواڵدەدات چەک لەو گرووپانە وەرگرێتەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا بە لایەنگری ئێران ناویان دەبەن. ئەمە پرسێکی پڕ ئاڵنگارییە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق چونکە ئەو گرووپانە پارە و چەکێکی زۆریان لە دەستە، ئەمە جگە لە پاڵپشتیی ئێران بۆیان.
کاریگەری ئەو گرووپانە لەسەر دۆخی عێراق و ناوچەکە دوای ئەوە دەرکەوت کە شوباتی ئەم ساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەو گرووپانەش وەکو پاڵپشتییەک بۆ تاران هێرشیان دەکردە سەر ئەو ناوچانەی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون.
زێباری: هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر کورد نابینم
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کاریگەری لەسەر پێگەی کورد لە حکومەتی فیدراڵی عێراقدا گوتی، "بەڕاستی من خۆم بە شێوەیەکی کەسی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا یان واشنتن بەرامبەر عێراق، یان پێگەی فیدراڵیی کورد لە نێو عێراقێکی یەکگرتوودا نابینم"؛ دەشڵێت، "ئێمە هێشتا دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاین، هێشتا هاوپەیمانین و بە ئاشکرا ئەوە رادەگەیێنین، دەیبینن بە روونی دەیڵێین و خۆمانی لێ نادزینەوە".
زێباری دەشڵێت، "هێزەکانی ئەمریکا ئیدی لە عێراق یان کوردستان نەماون، بەڵام رێککەوتنی ئەمنیی دووقۆڵی، هەم لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەم لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە".
رۆژی 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە، ئەمە بە گوێرەی رێککەوتنێکی پێشووی نێوان حکومەتی بەغدا و واشنتن بوو.
زێباری سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، "پێموایە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیران زەیدی و حکومەتە نوێیەکەدا و ئێمەش لە نێو ئەم حکومەتە نوێیە و لە پەرلەماندا بەشدارین؛ بەڕاستی ئێمە وەک حکومەتی خۆمانی دەبینین، ئێمە نامۆ نین، ئێمە خۆهەڵقورتێنەر نین، نەخێر، پێموایە ئێمە بەشدار بووین لە دروستبوونیدا. بۆیە ئێمە هاوبەشی هەمان بەرپرسیارێتین و هەوڵ دەدەین یارمەتیدەر بین".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچوونێکی سەبارەت بە باشترکردنی کارەکانی حکومەتی بەغدا هەیە و لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەم حکومەتە پێویستی بەوەیە بنکەی سیاسیی خۆی فراوان بکات، دەزانن بۆچی؟ چونکە لە عێراق بەڕاستی هەموو شتێک بەسیاسیی کراوە، تەنانەت ئابوورییەکی سادەش".


