رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگەیاند، کێشە تەکنیکییەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕە چارەسەر کراوە و ئێستا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکە ئاسایی بوونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی خالیدی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشە تەکنیکییەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە چاککرایەوە و ئێستا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکە دەستیان پێکردووەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە داوای لێبوردنی لە گەشتیارانی ئەو گەشتە کرد کە بڕیاربوو ئێوارەی دوێنێ لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بەرەو بەسرە بچێت و بەهۆی کێشەکەوە نەکرا، گوتیشی: "گەشتیاران دەتوانن تیکتی کاتی گەشتەکەیان بگۆڕن بۆ کاتێکی دیکە، یان سەردانی نزیکترین نووسینگەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بکەن بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان."
سەبارەت بە هۆکاری گرفتەکەش، عەلی خالیدی ئاماژەی بەوە کرد، دروستبوونی کێشە لە سیستمی راداری فڕۆکەخانەکاندا کارێکی ئاساییە و لە زۆرێک لە فڕۆکەخانەکانی جیهاندا روودەدات.
شەوی رابردوو گەشتی ئاسمانی نێوان هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بەسرە راگیرا. کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق، سەر بە وەزارەتی گواستنەوە، لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری دواکەوتنی گەشتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکیی کتوپڕ لە سیستمی راداری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەستبەجێ دوای تۆمارکردنی کێشەکە، تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنین و چارەسەرکردنی گرفتەکە کردووە لە شوێنی رووداوەکە."
وەزارەتی گواستنەوە پێشبینی کرد لە ماوەی 12 بۆ 18 کاژێردا کارەکانی چاککردنەوە کۆتاییان بێت و سیستمی رادارەکە بە تەواوی بکەوێتەوە کار.
هەروەها وەزارەتی گواستنەوە و کۆمپانیاکە داوای لێبووردنیان لە گەشتیاران کردووە، بۆ ئەو گرفتەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان روویداوە.


