رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، بە پشتبەستن بە داتای گەشتی فڕۆکەوانی و تۆماری کامێراکانی چاودێری، وردەکاریی نوێی لەبارەی چۆنیەتی گەیشتنی بۆ بەیرووت و ساتەکانی پێش کوژرانی بڵاوکردەوە و داوا لە دەسەڵاتدارانی لوبنان دەکات ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە لە کامێراکاندا دەرکەوتوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی ئەحمەد عەلوانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عەلوانی رۆژی پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە رێگەی گەشتی ژمارە (ME325)ـی هێڵی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لە هەولێرەوە بەرەو بەیرووت بەڕێکەوتووە و کاژێر 16:41 خولەک فڕۆکەکەی (لە جۆری ئێرباس A320 و بە تۆماری OD-MRN) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری نیشتووەتەوە.
جموجۆڵی گومانلێکراوان لە تۆماری کامێراکاندا
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تۆماری کامێراکانی چاودێری دەریدەخەن کە کاژێر 16:55 خولەک، واتە تەنیا 14 خولەک دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکەی عەلوانی، چەند کەسێک ئەو شوقەیەیان جێهێشتووە کە رووداوەکەی تێدا بووە، ئەوەش گومانی دروستکردووە لەوەی ئەو کەسانە پێشوەختە زانیارییان لەبارەی گەیشتنی عەلوانییەوە هەبووبێت.
نووسینگەکەی پێی وایە عەلوانی نزیکەی کاژێر 17:15 خولەک فڕۆکەخانەی جێهێشتووە، بەڵام کاتی گەیشتنی راستەقینەی بۆ شوێنی مانەوەی هێشتا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە؛ هاوکات رەتیشیکردووەتەوە عەلوانی لە هیچ هۆتێلێک مابێتەوە.
دوایین پەیوەندی و گەڕانەوە بۆ باڵەخانەکە
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوایین پەیوەندیی تۆمارکراو لەگەڵ ئەحمەد عەلوانی کاژێر 21:05 خولەک بووە و دوو خولەک و 30 چرکەی خایاندووە، کە تێیدا ئاگاداری کردوونەتەوە کە گەیشتووەتە بەیرووت و چووەتە شوێنی مانەوەی. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەگەری هەیە کەسانی گومانلێکراو نزیکەی کاژێر 23:00 گەڕابنەوە نێو باڵەخانەکە و دواتر لە تۆماری کامێراکاندا دەرکەوتووە کە کاژێر 23:57 خولەک باڵەخانەکەیان جێهێشتووە.
نووسینگەی عەلوانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاتی جێهێشتنی باڵەخانەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڵگە نییە لەسەر کاتی وردی ئەنجامدانی تاوانەکە، بەڵکو ئەوە کاری پزیشکی دادوەری و لێکۆڵینەوەی تاوانکارییە.
داواکاری لە بەغدا و بەیرووت
نووسینگەکە داوای لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی لوبنان (بەتایبەت هۆبەی زانیاری و داواکاری گشتی) کردووە ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە لە کامێراکاندا دەرکەوتوون، هەروەها پشکنین بۆ کامێراکانی فڕۆکەخانە، باڵەخانەکە و رێگەکانی دەوروبەری بکەن تاوەکو هۆکاری گواستنەوەی عەلوانی لە فڕۆکەخانەوە و سەرجەم تێوەگلاوانی پلاندانان و جێبەجێکردنی تاوانەکە ئاشکرا بکرێن.
هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت کراوە بەدواداچوونی راستەوخۆ بۆ کەیسەکە بکەن و هەماهەنگییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان هەبێت.
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە دێت کە تەرمی ئەحمەد عەلوانی لەنێو شوقەیەکدا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بە کوژراوی دۆزرایەوە، رووداوەکەش کاردانەوە و پرسیاری زۆری لەبارەی هۆکار و بکەرانی تاوانەکە بەدوای خۆیدا هێناوە.
بێسەرشوێن بوونی
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئێوارەی سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوار رۆژ بوو ئەحمەد عەلوانی لە شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بێسەروشوێن بوو."
لێکۆڵینەوەی دەستیپێکردوە
ئێوارەی سێشەممە میدیای فەرمیی لوبنان دۆزینەوەی تەرمی ئەحمەد عەلوانی راگەیاند. دادوەر ئەحمەد رامی حاج، داواکاری گشتیی دادگای پێداچوونەوەی لوبنان خۆی چاودێری و بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تایبەت بە گیانلەدەستدانی ئەحمەد عەلوانی دەکات، کە تەرمەکەی لەنێو شوقەیەکدا لە گەڕەکی (تەریق جەدیدە) لە بەیرووت دۆزرایەوە.
دادوەر ئەحمەد حاج خۆی سەرپەرشتیی ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانە دەکات کە لەلایەن هۆبەی زانیاریی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنانەوە بەڕێوەدەچن، بە مەبەستی ئاشکراکردنی تەواوی وردەکاریی رووداوەکە.
هاوکات بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، داواکاری گشتیی پێداچوونەوەی لوبنان بەدواداچوون بۆ ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانەش دەکات کە لەلایەن هەمان هۆبەی زانیارییەوە لەگەڵ پێنج چەکداری دەستگیرکراوی "حیزبوڵڵا" دەکرێن، کە دەستبەسەر کران.
ئەحمەد عەلوانی کێیە؟
لە 27ـی نیسانی 1969 لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لەدایکبوو، پێشتر پەرلەمانتار و سەرۆکی لیژنەی ئابووری بوو لە پەرلەمانی عێراق.
یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی خۆپێشاندانەکانی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی 2013، لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا دوای گەمارۆدانی ماڵەکەی دەستگیرکرا. لە ساڵی 2014 سزای لەسێدارەدان و پێنج سزای زیندانییتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لە نیسانی 2025ـدا دوای نزیکەی 12 ساڵ مانەوە لە زیندان ئازاد کرا.


