رووداو دیجیتاڵ
گەشتی ئاسمانی نێوان هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بەسرە راگیرا و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستمی راداری فڕۆکەخانەی بەسرە دروست بووە.
کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق، سەر بە وەزارەتی گواستنەوە، لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری دواکەوتنی گەشتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکیی کتوپڕ لە سیستمی راداری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕە بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەستبەجێ دوای تۆمارکردنی کێشەکە، تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنین و چارەسەرکردنی گرفتەکە کردووە لە شوێنی رووداوەکە."
وەزارەتی گواستنەوە پێشبینی دەکات لە ماوەی 12 بۆ 18 کاژێردا کارەکانی چاککردنەوە کۆتاییان بێت و سیستمی رادارەکە بە تەواوی بکەوێتەوە کار.
هەروەها وەزارەتی گواستنەوە و کۆمپانیاکە داوای لێبوردنیان لە گەشتیاران کردووە، بۆ ئەو گرفتەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان روویداوە و دووپاتی دەکەنەوە، پابەندی شەفافیەت و روونکردنەوەی راستییەکانن بۆ رای گشتی.


