رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی نزیکەی 350 رۆژی کاریدا، خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق تەنیا سێ یاسا و دوو بڕیاری دەرکردووە، بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پێکنەهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان و کەمیی پڕۆژەیاسای حکومەت هۆکار بوون بۆ کەمیی دەرچوواندنی یاساکان.
یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 کرا، تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە 10ى تشرینى دووەمى 2026 تەمەنی کارکردنی ئەم خولە 342 رۆژ بووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لەو ماوەیەدا پەرلەمانی عێراق تەنیا سێ یاسای دەرکردووە کە یەکێکیان نوێ بووە، ئەویش یاسای پێدانی مۆڵەتی ئاساییە بە فەرمانبەران، دوو یاساکەی دیکە هەمواری یاسا بوون، ئەوانیش یاساکانى دادنووسی و میلاکات بوون.
ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، لەو ماوەیەدا چوار بڕیاری دەرکردووە، کە دووانیان پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بوون.
فاروق محەممەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هۆکاری کەمیی دەرچوواندنی یاساکان لەم وەرزی یاسادانانەی پەرلەمان ئەوەیە پڕۆژەیاسا کەمتر لە حکومەتەوە هاتووە و زۆرینەی ئەو پڕۆژەیاسایانەی هەن لەلایەن حکومەتی پێشووەوە نێردراون، هەروەها لیژنەکان بەتەواوی پێکنەهێنراون و سەرۆکیان بۆ دیارینەکراوە کە ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە کەمتر پڕۆژەیاسا پەسند بکرێت.
پەرلەمان پڕۆژەیاسای حکومەت و پێشنیازەیاسای پەرلەمانتاران تاوتوێ دەکات، دوای خوێندنەوەی یەکەم، پرۆژە یاساکە بۆ لیژنەکانی پەرلەمان دەنێردرێت، پاشان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەم وەرزی یاسادانانە ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە کە ئەمەش پێویستی بە ماوەیەک هەیە.
لەم وەرزی یاسادانانەی پەرلەمان 73 پڕۆژە و پێشنیازەیاسا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە بۆ ئەوەی دواتر بخرێنە دەنگدانەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی نۆ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق 438 ملیار دینار بووە.


