رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی نوێی ململانێی نێوان گرووپە چەکدارەکان و حکومەتی عێراق، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکی توونددا وێڕای رەتکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گرێبەستەکانی فڕۆکەخانەکان، تۆمەتی کەڵەکەبوونی سامانی 21 تریلیۆن دیناری دەخاتە پاڵ عەلی زەیدی و هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆریش دەکات.
لە خاڵی یەکەم و دووەمی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: " ئەوەی کەناڵی (ئەلعەرەبییە)ـی سعوودی بڵاوی کردووەتەوە لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی گرێبەستەکانی نێو فڕۆکەخانەکان لەلایەن کەتیبەکانەوە، "درۆیەکی ئاشکرایە و بەشێکە لە بوختان و جەنگی میدیایی دژ بە بەرەکەمان."
هەروەها تێیدا هاتووە: "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بە تەواوی رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندی، هاوبەشی و نێوەندگیرییەکی لە دوور و نزیکەوە لەگەڵ دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراقدا هەبێت."
کاردانەوەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دوای ئەوە دێت، کە رۆژی شەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سێ کۆمپانیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ، ئەوەش بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان بە چەند گرووپێکی چەکدارەوە، هاوکات بڕیاریدا کارەکانیان رادەستی کۆمپانیا جیهانییەکان بکرێت.
بەرپرسی ئەمنیی حیزبوڵڵا راستەوخۆ رووی دەمی دەکاتە حەسەن زەیدی، بەرپرسی راگەیاندن و ئەمنی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت: "هەموو ئەو بانگەشانەی لەبارەی وەبەرهێنان و کۆمپانیاکان دەیکەیت، جا راست بن یان دروستکراو، بە تەواوی موڵکەکانیەوە بە دیاری بۆتۆ بێت لەلایەن کەتیبەکانەوە بۆ ئەوەی بچێتە سەر موڵکەکانتان، بەڵکو چاوچنۆکیتان تێر بکات کە جگە لە خۆڵ هیچی دیکە پڕی ناکاتەوە."
لەبارەی سەروەت و سامان دەپرسێت: "ئەو ئیمپراتۆریەتە داراییە گەورەیەت چۆن بنیاتنا کە خودی بەڕێز زەیدی دانیناوە بە بوونیدا و دەگاتە نزیکەی 21 تریلیۆن دینار؟ ئەم سامانە چۆن لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا کۆکراوەتەوە، با گەنجانی رەنجدەر سوودی لێ ببینن بۆ دابینکردنی بژێوییان؟"
ئەبو موجاهید عەساف داوا لە دەستەی دەستپاکی دەکات بێ جیاوازی یاسا جێبەجێ بکات و ئاماژە بەوە دەکات: "ئەگەر پەرلەمانتار عالیە نوسەیف بەهۆی سەرپێچی یاسایی لەسەر بڕی 4 ملیار دینار راپێچی بەندیخانە دەکرێت، محەممەد سەیهوود لەسەر 300 ملیۆن دینار دەخرێتە زیندان و حوسێن تاڵب عەلی لەسەر 40 ملیار دینار، ئایا دەستپاکی کەی لە بەڕێز زەیدی دەپرسێت ئەم هەموو سامانەت لە کوێ هێناوە؟"
بەرپرسە ئەمنییەکەی حیزبوڵڵا دەپرسێت: "ئایا ئەم 21 تریلیۆن دینارە لە گرێبەستەکانی دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە کۆکراوەتەوە؟ یان لە گرێبەستەکانی ئازووقە و خۆراکی سوپای عێراق لە وەزارەتی بەرگری کە سەربازان شەو و رۆژ دەناڵێنن بەدەست خراپیی خۆراکەکەیانەوە؟ یان لە رێگەی دیکەوە کە ئێستا کاتی باسیان نییە؟"
هەروەها دەپرسێت: "ئایا دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای (ئەدنۆک) کردووە لەگەڵ ئەو جیاوازییە داراییە گەورانەی کە لە قووتی عێراقییەکان دەبڕدرێت بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیا بیانییەکان و هاوبەشە عێراقییەکانیان؟"
لە راگەیێندراوەکەدا، پرسیار ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی دەکرێت سەبارەت بە هۆکاری دوژمنایەتیکردنی (موقاوەمەی ئیسلامی) و تێیدا هاتووە: "ئەم دژایەتییە جێگەی سەرسوڕمانە، تۆ خۆت زۆر باش دەزانیت لە شەڕی تۆفانی ئەقسادا کێ پارەی پێشکێش بە مقاوەمە دەکرد و ئەو پارانە دەبوونە درۆن و مووشەک بۆ لێدانی بنکەی دوژمنان. هەروەها باش دەزانیت کێ نێوەندگیر و زامنکەری پارەکانی موقاوەمە بوو بەر لەوەی ببێتە کەسێکی نەخوازراو، هێشتا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاریان لە ئەستۆدایە بە بەڵگەی فەرمی و پسوولە و رێککەوتی دەستنیشانکراو."
بەرپرسە ئەمنییەکەی حیزبوڵڵا هۆشداری دەدات و دەڵێ: "نامانەوێت هەموو نهێنییەکان بخەینە بەردەم رای گشتی و نامانەوێت دۆسیەکانی کێڵگەی (کۆرمۆر) و هاندان بۆ بەئامانجگرتنی بە مەبەستی باجسەندن لە ئیمارات هەڵدەینەوە، چونکە ئەوەی ماڵەکەی لە شووشە بێت، نابێت بەرد لە ماڵی خەڵک بگرێت."
.webp&w=3840&q=75)

