رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سێ کۆمپانیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ، ئەوەش بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان بە چەند گرووپێکی چەکدارەوە، هاوکات بڕیاریدا کارەکانیان رادەستی کۆمپانیا جیهانییەکان بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە گرێبەستی کارکردنی سێ کۆمپانیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ بەهۆی پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەو خزمەتگوزارییانە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بسپێردرێن.
بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم گرێبەستانە دەگرێتەوە:
- کۆمپانیای سکای پڵەس: گرێبەستی بەکرێگرتنی کاونتەرەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ.
- کۆمپانیای سەما ئەلمەتار: گرێبەستی بەکرێگرتنی گەراجی ناوخۆیی فڕۆکەخانە.
- کۆمپانیای ئەلفەیسەڵ ئەلشامخ: گرێبەستی بەکرێگرتنی نووسینگەی تەکسی لە فڕۆکەخانەکە.
هەر بەپێی رێنماییەکەی سەرۆکوەزیران، سەرجەم ئەم گرێبەستانە دەدرێنە کۆمپانیا نێودەوڵەتی و جیهانییەکان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی کارەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و دوورخستنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ لە دەستێوەردانی گرووپە چەکدارەکان.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت: "ئەو کۆمپانیایانە هێشتا دەستیان بە کار نەکردووە و بڕیاربوو لەگەڵ کاراکردنی فڕۆکەخانەکە دەست بە کار بکەن."
بە گوتەی محەممەد کاکەیی، رەنگە کاری ئەو سێ کۆمپانیایە بدرێتە چەند کۆمپانیایەکی تورکی.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لە ساڵی 1920 لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکراوە و ساڵی 1922 کراوەتە مەدەنی. لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە تەواوی وێرانکرا.
لە تەممووزی ساڵی رابردوودا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق فڕۆکەخانەکەی دوای نۆژەنکردنەوە بە گوژمەی زیاتر لە 268 ملیار دینار کردەوە، بەڵام بەهۆی کەموکوڕییە تەکنیکییەکانەوە تاوەکو ئێستا بە "بێ فڕۆکە" ماوەتەوە.
.webp&w=3840&q=75)


