رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران تەرخان بکرێت بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027، ئەوەش بە مەبەستی پەسەندکردنی و ناردنی بۆ پەرلەمان.
ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، تایبەت بکرێت بە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2027، وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی لە لایەن حکومەتەوە و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان."
سەبارەت بە شێوازی داڕشتن و تایبەتمەندییەکانی بودجەکە، گوتەبێژی حکومەت روونیکردەوە: "بودجەی 2027 پشت بە پەیڕەوی بەستنەوەی تەرخانکراوە داراییەکان بە ئەنجام و ئامانجە دیاریکراوەکان دەبەستێت، هەروەها چەندین ئامرازی نوێی دارایی لەخۆدەگرێت کە پاڵپشتی لە گەشەپێدانی ئابووری و بەرزکردنەوەی توانای وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەکان دەکەن."
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگەی گەشەپێدان" و دامەزراندنی "سندووقی سەروەریی نەوەکان" دیارترین کارە لەپێشینە ستراتیژییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـن.
هەروەها سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی بودجە دەچێتە بەغدا.
پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بە 12.7% جێگیرکراوە، بەڵام ناردنی ئەو پشکە بە چەندین مەرج و پابەندییەوە بەستراوەتەوە، لەوانە رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.
هەروەها، میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی رابردوو لەنێوان هەولێر و بەغدا دانراوە، کە قەرزەکانی 2004-2026 کە بڕەکەی بە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بڕیارە لە سێ ساڵدا و بەپێی یاساکانی بودجەی ئەو ساڵانە چارەسەر بکرێن. هەروەها ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هەیەتی.



