رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. ئاشکراشی کرد، ئەمریکا بە فەرمی داوای لە بەغدا کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات تەنیا دوو دەروازە نەبێت.
فوئاد حوسێن، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، دوای زنجیرەیەک لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەردوو لایەنی واشنتن و تاران، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەستیپێکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی عێراق بەهۆی راگیرانی هەناردەکردن تووشی زیانێکی دارایی گەورە بوو کە بە نزیکەی 60 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
فوئاد حوسێن هۆشداریدا لەوەی هەلومەرجی ئێستا ئاماژەن بۆ ئەگەری نوێبوونەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا و ئاشکرای کرد: "ئەمریکا بە فەرمی داوای لە عێراق کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابخات، دووانیان نەبێت."
وەزیری دەرەوەی عێراق تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ تاران و گوتی: "بە لایەنی ئێرانیمان راگەیاندووە کە پێشوازی لە هاوڕێیەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵیان دەکەین، بەڵام هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکەینەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق زانیاریی هەواڵگریی وردی لەبەردەستدایە لەسەر ئەوەی چەند لایەنێکی دەرەکی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن.
لەبارەی دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد، دەبێت ئەو دۆسیەیە بە دیالۆگ یەکلایی بکرێتەوە نەک بە پێکدادانی سەربازی و ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ چوار گرووپی چەکدار گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن بۆ رێکخستنی چەکەکانیان.
گوتیشی: "هەردوو گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی چەکەکانیان، لە کاتێکدا دانوستاندنەکان لەگەڵ بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لەو بارەیەوە هێشتا بەردەوامە."



