رووداو دیجیتاڵ لە رووداوێکی هاتووچۆی سەختدا لەسەر رێگەی کەرکووک - تکریت، پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و منداڵێکیش بریندار بوو. عومەر عجێلی، بەرێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی سەلاحەدین، رۆژی شەممە (7ی تشرینی دووەمی 2026) بە رووداوی رایگەیاند: "رووداوەکە لە سنووری ناحیەی رەشاد (باشووری کەرکووک) روویداوە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کە خێزانێکی تێدابووە، خۆی بە بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری (کیا)دا کێشاوە". بەرێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی سەلاحەدین راشیگەیاند: "پێنج کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە ئەندامی یەک خێزانن، دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان دکتۆر زێدان جاید، پزیشکی پسپۆری هەناوە، مامۆستا بووە لە زانکۆی تکریت، تەنیا کچێکی بچووکیان لە رووداوەکە بە زیندوویی ماوەتەوە و برینداربووە بۆ نەخۆشخانەی کەرکووک گواستراوەتەوە". تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکانیان رەوانەی داد پزیشکی تکریت کردووە.
عێراق07-11-2026وەزیری تەندروستیی عێراق: هەر لێپرسراوێکی پشکنین و چاودێری لە دوو ساڵ زیاتر لە پۆستەکەی بێ، لادەدرێ