رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیاری دا هەموو لێپرسراوانی بەشی پشکنین و چاودێریی تەندروستی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بگۆڕێ، ئەگەر دوو ساڵ یان زیاتر بێت لە پۆستەکانیاندا بن.
عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، رۆژی هەینی (6ی تشرینی دووەمی 2026) فەرمانێکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی سەرجەم لێپرسراوانی بەشەکانی پشکنین و چاودێریی تەندروستی کە زیاتر لە دوو ساڵە لە پۆستەکانیاندان.
بە گوێرەی فەرمانەکە، ئامانج لەم بڕیارە چالاککردنی رۆڵی چاودێرییە بەسەر دامەزراوە تەندروستییە حکومی و تایبەتەکان، هەروەها چاودێریکردنی وردی چێشتخانەکان، کارگەکان، کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان لە کەرتی گشتی و تایبەت، بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە سەرپێچییەک.
وەزیری تەندروستیی عێراق فەرمانی کردووە کە هەڵسەنگاندنێکی ورد و زانستی بۆ ئەو لێپرسراوانەش بکرێ کە ماوەی کارکردنیان لە دوو ساڵ کەمترە.
سەبارەت بە دیاریکردنی کەسانی جێگرەوە، بڕیاردراوە بە راوێژ لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگاکان و فەرمانگەی پشکنینی ناوەندی بێت و تەواوی پڕۆسەکەش لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیردا دەبێت.



