رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتای عێراقییەکەی، تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان خستەڕوو کە پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز و دۆسیەی ئەتۆمی لەخۆدەگرێ. وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەستپێشخەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هەرێمی خستەڕوو تاوەکو سەردانی تاران و واشنتن بکات بۆ نەهێشتنی گرژییەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت و تێیدا عێراقچی تێڕوانینی تارانی بۆ ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان خستەڕوو.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تێڕوانینەکەی ئێران بریتییە لە "دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، کردنەوەی تەنگەی هورمز، گەڕانەوە بۆ ئەو خاڵانەی لە لێکتێگەیشتنەکانی پاکستاندا هاتبوون، هاوکات زیادکردنی چەند خاڵێک سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، فوئاد حوسێن هۆشداری داوە لەوەی ناوچەکە بە قۆناخێکی گرژییدا تێدەپەڕێ، لە سایەی بەردەوامیی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەربۆیە جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان کردوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق دەستپێشخەرییەکی خستەڕوو بۆ "پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک لە وڵاتی ناوچەکە، تاوەکو سەردانی هەردوو پایتەخت (تاران و واشنتن) بکەن، بە ئامانجی تاوتوێکردنی رێگەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئاشتییانە، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ کردەوە، بۆ پشتگیریکردن لەو هەوڵانەی ئامانجیان دوورخستنەوەی ناوچەکەیە لە ئاڵۆزی و چەسپاندنی ئاسایش.



