رووداو دیجیتاڵ
11 هاووڵاتیی تورکیایی کە لە بەغدا بەندکراون، دوای گیانلەدەستدانی یەکێک لە هاوڕێکانیان لەنێو بنکەی پۆلیس، لە رێگەی نامەیەکەوە بۆ رووداو داوا لە ئەنقەرە دەکەن بەهانایانەوە بچێت. لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی رەسافە لە بەغدا دەڵێ، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو بەندکراوە دەستیپێکردووە، تەواوی گیراوەکانیش لەسەر داوای ئینتەرپۆل راگیراون و رێکارەکانی رادەستکردنەوەیان بەردەوامە.
ئەو 11 هاووڵاتییە تورکیاییە، لە نامەکەیاندا کە واژۆی سەرجەمیانی لەسەرە، ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی خراپیی دۆخی راگرتنیان و نەبوونی چاودێریی پزیشکی، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی هاوڕێیان بە ناوی محیەدین کڵچ (68 ساڵ)، خەڵکی رووهای باکووری کوردستان، لە 2ـی تشرینی دووەم لەنێو بنکەی پۆلیسی رەسافە لە بەغدا گیانی لەدەستدا. هاوڕێکانی باس لەوە دەکەن، محیەدین جەڵتەی دڵ لێیداوە و بۆ نەخۆشخانە نەگوێزراوەتەوە.
پۆلیسی بەغدا بۆ رووداو: لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی بەندکراوەکە دەستیپێکردووە
لەبارەی دۆخی ئەو بەندکراوانە و هۆکاری گیانلەدەستدانی یەکێکیان، عەمید حوسێن عەلی مەزهەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی رەسافە لە بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باسی کەمتەرخەمیی پزیشکی دەکەن، رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییەی تورکیا دەستیپێکردووە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان راستیی دۆخەکە یەکلایی دەکەنەوە."
عەمید حوسێن روونیکردەوە کە محیەدین کڵچ، لەسەر داوای تورکیا و بە "لیستی سوور"ـی ئینتەرپۆڵ، لەسەر تاوانی کوشتن داواکراو بوو.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی رەسافە ئاشکرای کرد کە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا لە بابەتەکە ئاگادارە و گوتی، "نوێنەری باڵیۆزخانەی تورکیا بەردەوام لە پەیوەندیدایە و هەموو زانیارییە پێویستەکانی وەرگرتووە. هاوکات لەگەڵ ئینتەرپۆڵی نێودەوڵەتیش لەسەر هێڵین. هەر کاتێک رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی دیپۆرتکردن و گواستنەوەیان تەواو بێت، رادەستی تورکیا یان ئەو وڵاتانە دەکرێنەوە کە داوایان دەکەن."
سەبارەت بە چۆنیەتیی هاتنی ئەو کەسانە بۆ نێو عێراق، عەمید حوسێن مەزهەر گوتی، "ئەوان بە شێوازێکی فەرمی و یاسایی هاتوونەتە عێراق و هیچ تاوانێکیان لەنێو عێراقدا ئەنجام نەداوە، بەڵکو لە کەیسی جیاوازدا لەلایەن چەند وڵاتێکەوە، وەک تورکیا، ئێران و وڵاتانی دیکە، بە فەرمانی نێودەوڵەتی داواکراون. بەشێکیان لەسەر کێشەی وەک کوشتن داواکراون. بەهۆی ئەوەی کە بیابین، لە شوێنی تایبەت بە بیانییەکان لە بەندینخانەدا راگیراون."
نامەی بەندکراوەکان: هاوڕێکەمان لەبەرچاومان گیانی سپارد
11 هاووڵاتییە تورکیاییەکە لە نامەکەیاندا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێن، "هاوڕێکەمان لەبەرچاوی خۆمان گیانی سپارد، ئێمە نامانەوێ بمرین. چاوەڕێ دەکەن چەند کەسی دیکەمان بمرن تا فریامان بکەون؟ کەسمان لەنێودایە کە نەخۆشی دڵ، شەکرە و پەستانی خوێنی هەیە و تەندروستیمان لە مەترسیدایە."
ئەو هاووڵاتییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە دادگەی تاوانەکانی بەغدا و دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری رادەستکردنەوەیانی بۆ تورکیا داوە، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی فەرمیی ئەنقەرە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە هێڵدراونەتەوە.
ئەوان باسیان لەوەش کردووە کە لە 4ی تشرینی دووەم جێگری بەڕێوەبەری ئینتەرپۆڵ لە عێراق سەردانی کردوون و پێی راگەیاندوون، بەغدا مانگێک لەمەوبەر هەموو مامەڵەکانی تەواو کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەنقەرەیە.



