رووداو - دیجیتاڵ
لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ لە نێوان دوو دراوسێ لە ناوچەی رەسافەی بەغدا، چوار کەس کوژران. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، تەقەکەرەکان و زۆربەی تۆمەتبارانی بەشداربووی شەڕەکە دەستگیرکراون.
رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2026، لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو لە ناوچەی زەعفەرانییە لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا، دەمەقاڵێی نێوان دوو دراوسێ بۆ شەڕەتەقە و بەکارهێنانی چەکی سووک پەرەی سەند و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران."
سەبارەت بە رێکارە ئەمنییەکان، میقداد میری گوتی: "دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد. لە هەڵمەتێکدا تەقەکارەکان و زۆربەی ئەو تۆمەتبارانەی لە شەڕەکەدا بەشداربوون دەستگیرکران و هێزە ئەمنییەکان بەدوای تۆمەتبارە هەڵهاتووەکانیشدا دەگەڕێن."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی هەر چوار کوژراوەکە رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری دروستبوونی کێشەکە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.



