رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق دەستگیرکردنی داواکراوێکی بەپێی مادەی 4ـی تیرۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاند، ئەوەش دوای چاودێریکردنی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، یەکە مەیدانییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی، تۆمەتبارێکی داواکراویان بەپێی مادەی (4)ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد بووە کە ئاماژەی بە بوونی تۆمەتبارەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە: "دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی جووڵەکانی، بە هاوئاهەنگی هێزەکانی دەزگای ئاسایش، توانرا دەستگیربکرێت و بە مەبەستی گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا."



