رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردەوە کە باس لە داخستنی ئاسمانی عێراق یان سەپاندنی سنووردارکردنی نوێ بەسەر گەشتە ئاسمانییەکاندا دەکەن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق، رۆژی هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی2026 رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باسی دەرچوونی ئاگاداری (NOTAM) بۆ دیاریکردنی رێڕەوی ناچاری یان سنووردارکردنی فڕینی فڕۆکەکان دەکەن، بە هەموو شێوەیەک ناراستن".
نۆتام (NOTAM)، ئاگادارییەکی فەرمییە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانییەوە بڵاودەکرێتەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی فڕۆکەوانان، کارمەندانی فڕین و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی هەر گۆڕانکاری، مەترسی، یان دامەزراندنێکی کاتی لە هێڵە ئاسمانییەکان، فڕۆکەخانەکان یان بۆشایی ئاسمانیدا.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق گوتیشی: "جووڵەی فڕۆکەوانی بەپێی رێنماییە فەرمییە بەردەوامەکان بەڕێوەدەچێت".
هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش روونکردنەوەی دا و رایگەیاند: "ئەوەی روویداوە تەنیا دیاریکردنی ناوچەیەکی ئاسمانیی زۆر بچووک بووە بۆ مەبەستی مەشقی سەربازی".
گوتیشی: "فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی خەریکی مەشقی ساڵانەی تەقەکردن بووە، کە ئەمە کارێکی ئاساییە و بە مانای داخستنی ئاسمانی عێراق یان راگرتنی گەشتەکان نایەت."
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت: "دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەمنی رووی نەداوە کە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ بکات".
هەردوو لایەن داوایان لە میدیاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، کە تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما بەدوور بگرن، چونکە ئەم جۆرە دەنگۆیانە زیان بە سەقامگیریی عێراق دەگەیێنن.



