رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە 38 هەزار هاووڵاتی چەکەکانیان تۆمار کردووە.
رۆژی هەینی (6ی تشرینی دووەمی 2026)، سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئاماری مانگی تشرینی یەکەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لیژنەی نیشتمانیی رێکخستنەوەی چەک لە وەزارەتی ناوخۆ، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێگیرکردنی ئاسایش".
بەگوتەی سەعد مەعن، لەو مانگەدا 38 هەزار و 549 هاووڵاتی لە پارێزگاکانی عێراق چەکەکانیان تۆمارکردووە.
هەروەها چوار هەزار و 46 چەکی سووکی جۆراوجۆر، 15 هەزار و یەک پارچە تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لە دۆزینەوەی هەزار و 198 مووشەک و بۆمب و دەستبەسەرداگرتنی 373 مادەی تەقەمەنی زۆر مەترسیدار و سێ درۆن.
سەعد مەعن راشیگەیاند: "دوو هەزار و 374 چەک بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت تۆمار کراون کە زۆربەیان دەمانچە بوون، 237 پارچە چەک (زۆربەیان کڵاشینکۆف) لە وەزارەتە مەدەنییەکان کێشراونەتەوە".
سەعد مەعن گوتی: "ئەم دەستکەوتانە بەشێکن لە پڕۆژەی گەورەی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە هەموو عێراقدا."
حکومەتی عێراق لە هەڵمەتی (کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت)دا، ئەو چەکانەی لە ماڵەکاندا هەن تۆماردەکات و دوا وادەش کۆتایی ساڵی2026، هەر چەکێکی بێ مۆڵەت دوای ئەو بەروارە بە تاوان لە قەڵەم دەدرێ.



