رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسایەک دەدات بۆ ئەوەی رێ بە فەرمانبەر بدات تاوەکو پێنج ساڵ مۆڵەت وەربگرێت بە نیوەی مووچەکەی. بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی یاسایی، ئەو یاسایە بۆ ئەوەیە بارودۆخی دارایی سەر شانی حکومەت کەم ببێتەوە.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، دەنگ بە پڕۆژەیاسای (پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەن بە فەرمانبەر) دەدرێت.
پڕۆژەیاساکە 10 مادەیە، رێگە دەدات بە فەرمانبەر کە لە ساڵێک بۆ پێنج ساڵ مۆڵەت وەربگرێت لەگەڵ وەرگرتنی 50%ی مووچە بنەڕەتییەکەی و ئەگەر بەر لە تەواوکردنی نیوەی مۆڵەتەکە داوای گەڕانەوە بکات، پێویستە ئەو مووچانە بگەڕێنێتەوە کە لە ماوەی مۆڵەتەکەیدا وەریگرتووە و وەک مۆڵەتی بێ مووچە بۆی هەژمار دەکرێت.
رامیار حەیدەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ کەمکردنەوەی قورسایی دارایی سەر شانی حکومەتە بەو پێیەی کە بەگوتەی ئەو، هەڵاوسان لە ژمارەی فەرمانبەر هەیە کە زیاترە لەوەی پێویستیەتی.
ئەو ماوەیەی فەرمانبەر بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە مۆڵەتی تێدا وەرگرتووە، وەک خزمەت هەژمار دەکرێت بۆ خانەنشینبوون، ئەگەر لەو ماوەی مۆڵەتەدا بڕوانامەیەکی دیکە بەدەستبهێنێت بۆ ناونیشانی وەزيفیی هەژمار ناکرێت.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەى کە هێشتا بە هەمیشەیی نەکراون، دەتوانن سوود لەو مۆڵەتە وەربگرن.
رامیار حەیدەر رایگەیاند، لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساکە هیچ بڕگەیەکی تێدا نییە کە ئەو یاسایە لە دوای دەرچوواندنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق رێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاساکە لەدوای دەنگدان دەربکات و لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی دەكەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



.webp&w=3840&q=75)