رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە وەزارەتی نەوتی وڵاتەکەی دەکات پلانەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت جێبەجێ بکەن و کار بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی نەوت بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-10-2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی نەوتی کرد، ئەمەش دووەم سەردانیێتی بۆ وەزارەتەکە لە دوای پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی لە پێنج مانگی رابردوودا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ کادیری باڵای وەزارەتەکە کرد، بە ئامادەبوونی، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە، وەزیرانی نەوت و کارەبا، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و ژمارەیەک لە راوێژکارانی بواری وزە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستخۆشی لە هەوڵی کارمەندانی وەزارەتەکە کرد و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کارەکان بە بەرپرسیارییەتییەکی بەرزەوە کردەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی داڕێژراون بە ئاراستەی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت.
عەلی فالح زەیدی داوای زیادکردنی داهاتی نەوتی کرد و روونیکردەوە کە حکومەت کۆمەڵێک هەنگاو و رێکاری گرنگ لەو بوارەدا دەگرێتەبەر، بەتایبەت کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی رووداوەکانی ناوچەکەوە زیانی بەرکەوتووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەڵەکانی رابردوو تێپەڕێنرێن و کەمتەرخەمییەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها تیشکی خستە سەر رێنماییەکانی بۆ دەستەی دەستپاکی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی گەندەڵی کە بوونەتە هۆی خاوکردنەوەی کارەکان و لەدەستدانی چەندین دەرفەتی پەرەپێدانی ئەم کەرتی گرنگە. راشیگەیاند، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە رادەسپێردرێت بۆ بەدواداچوونی راستەوخۆی کارەکانی وەزارەتی نەوت و دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.
بەگوێرەی دوایین لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئێستا رۆژانە نزیکەی 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
.jpeg&w=3840&q=75)
