رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایدەگەیێنێت، دادگەی تاوانەکانی سەلاحەدین سزای چوار ساڵ زیندانیکردنی تووندی بەسەر جێگری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی تکریت و فەرمانبەرێکی دیکەدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی پێشێلکاریی گەورە لە مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتیی موڵکدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی سەلاحەدین بە ئامادەبوونی تۆمەتباران، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ (ئەفراح عەبدرەزا شەمەری)، جێگری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی (تاپۆ) تکریت دەرکرد، دوای ئەوەی سەلمێنرا بە ئەنقەست کەمتەرخەمی لە ئەرکەکانیدا کردووە و یاسای پێشێلکردووە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتبارەکە چەندین هەنگاوی نایاسایی لە گواستنەوەی خاوەندارێتیی خانووبەرەیەکدا کردووە، لەوانە: تەواوکردنی مامەڵە بەبێ ناسنامەی کڕیار و فرۆشیار، وەرنەگرتنی پەنجەمۆری سەرجەم لایەنەکان، نەبوونی رەزامەندیی ئەمنی و بریکارنامەی یاسایی و پشتگوێخستنی ئەو دەستبەسەرداگرتن و رێگرییە یاساییانەی (حجز) کە لەسەر موڵکەکە هەبوون.
دادگەی تاوانەکان سزاکەی بەپێی ماددەی 330 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە و مافی بە لایەنە زیانلێکەوتووەکان داوە داوای قەرەبوو بکەنەوە.
ئەفراح عەبدرەزا شەمەری، ناسراو بە (دایکی عەبدوڵڵا)، لە 26ی ئابی 2026 لەگەڵ هاوژینەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون. لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، هاوژینەکەی دانی بەوەدا نا کە نزیکەی 27 موڵک بە شێوەیەکی رووکەش بەناوی ئەوەوە تۆمارکراون، جگە لە چەندین موڵکی دیکە کە بەناوی کەسوکار و مامەڵەکارانەوە کراون، بەڵام خاوەندارێتیی راستەقینەیان بۆ هاوژینەکەی دەگەڕێتەوە کە لە رێگەی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەیەوە بەدەستهاتوون.
ئەو موڵکانە دەکەونە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و سەلاحەدین. هەروەها لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئەم بنکە زانیارییە نایاساییانەدا گرتووە، پێکدێن لە 31 بەڵگەنامە کە تەنیا مۆر و پەنجەمۆری کەسانی جیاوازیان لەسەر بووە بۆ مامەڵەی ساختە. چوار کۆمپیوتەر، کە یەکێکیان تایبەت بووە بە کردنەوەی (بارکۆد)ی فەرمانگەی تاپۆی سەلاحەدین.
.jpg&w=3840&q=75)

