رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دانوستاندنەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی زارەکیی داوە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بە گوێرەی پشکی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ: تاوەکو ئێستا بەڵێنە و هیچی فەرمیمان پێنەگەیشتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان، فالح ساری، وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق، لەبارەی دامەزراندنەوە گوتوویەتی، "هەرچییەکمان بۆ خۆمان کرد بۆ هەرێمی کوردستانیشی دەکەین."
بەڵام ئەو سەرچاوەیە گوتی، تاوەکو بودجە پەسەند نەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاونەکرێتەوە، ناتوانرێ هیچ بڕیارێک جێبەجێ بکرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا 86 هەزار و 791 فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە نزیکەی 38 هەزاریان مامۆستان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە.
ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق دا 14.14٪ بێت، 69 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکرێن بە هەمیشەیی و ئەگەریش پشکەکە 12٪ بێت، 62 هەزار دەکرێن بە هەمیشەیی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستەوە، هیچی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، بەڵام شاندی حکومەت و پەرلەمانتاران هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە دامەزراندن هەبێ."
.jpg&w=3840&q=75)


