رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027، مووچەی مووچەخۆران و دۆسیەی نەوتی تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم بەڕێوەچوو بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ ساڵی 2027.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیرانی نەوت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوت و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە بوون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوو لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان شانبەشانی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق بەشدار بوون، ئەوەش بە مەبەستی درێژەدان و تەواوکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوولا بریتی بوون لە: شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پۆلێنکردن و خەرجییە سیادی و حاکمەکان.
نوێدەکرێتەوە...



