رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، بڕیاری 14 ساڵ زیندانیکردنی بۆ پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین دەرکرد، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانی بە سامانی گشتی و بەرژەوەندیی ئەو دامەزراوەیە گەیاندووە، کە کاری لێ کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی دژە گەندەڵی ناوەندی، دوو بڕیاری بە غیابی بە سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بۆ هەر یەکێکیان دژ بە عەممار جەبر خەلیل، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادان دەرکردووە، کە سزاکان یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێن.
ئەو پارێزگارە بە گوێرەی دۆسیەکەی تۆمەتبار کراوە بە پێشێلکردنی رێنمایی و یاساکان لە کاتی پێدانی تەندەری دوو گرێبەست کە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەهلی واژۆی کردبوون.
دەستەکە رایگەیاندووە، دادگە دوای تاوتوێکردنی بەڵگەکانی بەردەستی، بە پێویست و قەناعەتپێکەری زانیون بۆ تۆمەتبارکردن، بۆیە دوو سزای بە غیابی بە کۆی گشتی (14) ساڵ زیندانیکردن بۆ پارێزگاری پێشووتر دەرکردووە.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، دەستەی دەستپاکی لە 13/11/2022 و 17/8/2026پێشتریش دەرچوونی دوو بڕیاری بە غیابی دیکەی بە سزای (17) ساڵ زیندانیکردن بۆ هەمان تۆمەتبار و دانانی دەستبەسەرداگرتنی پێشوەختە بەسەر سامانە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا راگەیاندبوو.
عەممار جەبر خەلیل جبووری، لە 18ی ئەیلوولی 2018 بووە پارێزگاری سەلاحەدین، لە 19ی ئایاری 2022 پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستەکەی دووری خستەوە، بە تۆمەتی خراپ بەڕێوەبردن و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی.


