رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای هاوبەشی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان کۆبووەوە و لەسەر سێ خاڵی سەرەکی رێککەوتن؛ بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا بە قۆناخ لە سەربازگەی باشیک دەکشێتەوە و دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال دەسەپێندرێت.
رۆژی یەکشەممە 8-11-2026 نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێرا رایگەیاند، لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا بۆ تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆبووەوە و لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتن:
یەکەم: بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە 23ی ئەیلوولی 2026 پێی گەیشتن، دەسەڵاتدارانی تورکیا و عێراق جەختیان لە ویستی هاوبەشیان کردەوە بۆ بەردەوامیدان بەو هەنگاوە جێی ستایشانەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق تاوەکو ئێستا بۆ سەپاندنی تەواوی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان ناویانە.
دووەم: لایەنی تورکی، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کراوە، رایدەگەیێنێت دەست بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەکات لەلایەن خۆیەوە بۆ رادەستکردنی قۆناخ بە قۆناخی سەربازگەی باشیک-زیلکان بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
سێیەم: لەپێناو پشتڕاستکردنەوە و سەرپەرشتیی هاوبەشی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەی کە لە شنگال بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان دەستیپێکردووە، هەردوولا بڕیاریان دا لیژنەی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش کارا بکەنەوە، بەگوێرەی ئەوەی پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.
رۆژی 26-10-2026 لە رێورەسمێکدا کە لە چیای شنگال بە ئامادەبوونی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی عێراق بەڕێوەچوو، 2,000 ئەندامی یەکەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا بە فەرمی تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بوون.



